ئەڵمانیا بەفەرمی ڕووسیا بە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوەکانی تۆمەتبار دەکات

K24 - هەولێر
هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر ژمارەیەک دامەزراوە حکوومەتییەکانی ئەڵمانیا و دەزگاکانی پەیوەست بە بواری ئاسمانی، حکوومەتی ئەو وڵاتەش بەفەرمی ڕووسیای تۆمەتبارکرد.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بەفەرمی ڕووسیای بە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر دامەزراوە حکوومییەکان و دەزگاکانی پەیوەست بە بواری ئاسمانەوانی، هەروەها ژێرخانی گرنگ تۆمەتبارکرد، بۆ ئەو مەبەستەش باڵیۆزی ڕووسیای لە بەرلین بانگهێشت کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، سەرباری دامەزراوە حکوومییەکان، هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ڕووسیا پارتی سۆسیال دیموکراسی فەرمانڕەواشی گرتووەتەوە.
لای خۆیەوە نانسی فەیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا جەختی کردەوە، ڕێگە بە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر دامەزراوەکانیان نادەن و هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ وەڵامدانەوە دەگرنەبەر.
جگە لە ئەڵمانیا لەماوەکانی پێشوودا هەریەکە لە بەریتانیا، ئیستۆنیا و فینلاند بانگەشەی ئەوەیان کردبوو لەلایەن ڕووسیاوە هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتەسەر دامەزراوەکانیان.