جۆزێپ بۆرێڵ: پرسی دوو دەوڵەت تاکە چارەی قەیرانی فەڵەستین و ئیسرائیلە

جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر

جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، پرسی دوو دەوڵەت تاکە چارەیە بۆ قەیرانی فەڵەستین و ئیسرائیل، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت.

بۆرێڵ گوتیشی: "ئەوانەشی ئەم چارە ڕەتدەکەنەوە هیچ چارەیەکی دیکەیان لا نییە".

ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد، "ئەگەر ئێمە بڕوامان وابێت دوو دەوڵەت تاکە چارەیە بۆ کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل، ئەوا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر کار لەسەر ئەمە بکات و خۆی لەگەڵی بگونجێنێت. ئەوانەشی بڕوایان بە پرسی دوو دەوڵەت نییە، کەوایە با خۆیان چارەیەک بخەنەڕوو."

جۆزێپ بۆرێڵ دەشڵێت: "پێویستە ئیمە لە خاڵی سەرەتاوە بۆ خاڵی کۆتایی، چارەی دوو دەوڵەت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوون بکەیەنەوە."

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.