هێمن غازی: بوونی سەگی بێلانە لە نێو گەڕەك و كۆڵانەكانی سلێمانی مەترسیدارە

K24 - هەولێر

زۆربوونى سەگى بێلانە، دانیشتووانى سلێمانى  بێزار کردووە و داوا دەکرێت ببرێنە پەناگە، بەڵام ڕێکخراوەکانى پاراستنی ئاژەڵان ئەوە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن "پەناگەکان وەك پێویست نین و خزمەتی سەگەكان ناكەن، بەڵكو وەك زیندانێكن بۆ سەگەكان". ھەروەھا سەرپەرشتیارانی كەمپەینی شار مەشێوێنن، دەڵێت: "ناكرێت سەگی بێلانە لە نێو گەڕەك و كۆنەكاندا بسوڕێنەوە و ھەر ڕۆژە پەلاماری ھاووڵاتیییان بدەن".

سەگى بێلانە هاووڵاتیانى هەراسان کردووە، بەڵام ڕیکخراوەکانى پاراستنى ئاژەڵان قسەى جیاوازیان هەیە و دەڵێن: ئەوانیش مافى ژیانیان هەیە و تەنانەت دژى ئەوەشین ببرێنە پەناگەی سەگى بێلانە و دەڵێن: "سەگەكان ترسناک نین و دۆستى مرۆڤن". 

 شادییە عەلی، سەرۆکى ڕێکخراوى هاناى ئاژەڵان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆکردنەوەی سەگ بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە هیچ وڵاتێکیشدا ئەو کۆکردنەوەیە ئەنجامی باشی بەدەست نەهێناوە، باشترین چارە ئەوەیە نەزۆک بکرێن، دەشڵێت: ئەو ژینگەیە بۆ هەمووانە، ناکرێت هەرچیەک بەرژەوەندی لەگەڵ ئێمەدا نەبوو بڵێین بابیکوژین و لەناویان بەرین.

 زۆربەى هاووڵاتییان لەگەڵ ئەو ڕایەدا نین، لەرابردووشدا چەندین حاڵەتى پەلاماردان و گەستنی ھاووڵاتییان لە لایەن سەگی بەرەڵلاوە ڕووی داوە بۆیە بەتوندى هەبوونى سەگى بێلانە  لەنێو شار ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن "بوونی سەگی بێلانە لە نێو گەڕەك و كۆڵانەكانی سلێمانی مەترسیدارە". 

هێمن غازی، سەرۆکى کەمپینى شار مەشێوینن، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێم وایە ئەو ڕێکخراوانەی کە بەو جۆرە بیربکەنەوە و بڵێن ئەوە شتێکی باشنییە، ئەو رێگە دروستەکە نییە، چونکە ئێمە ئەگەر لەسەر ئاستی ئەورووپاش قسە بکەین، لەوێش پەناگە هەیە، بە میکانیزم و شێواز و ڕێکاری دروست لەلایەن شارەوانییەوە سەگەکان کۆدەکرێنەوە، ئەوانەی بریندارن لەلایەن ڤێرتێنەرییەوە خزمەتییان ئەکرێت.

پێچەوانەى ڕاى بەشێکى زۆرى هاووڵاتییان هەندێک هاووڵاتیش درەنگانى شەو خۆبەخشانە خواردن بۆ سەگە بێلانەكان دابین دەکەن ئەمەش نموونەى یەكێك لەو ئاژەڵدۆستانەیە بەشەو بەسەر سەگە بێلانەکانى شار دەگەڕێت و خواردنیان پێ دەدات.

Fly Erbil Advertisment