وەزارەتی کشتوکاڵ توێژینەوە لەسەر 300 جۆری گەنم و جۆ دەکات

K24 - هەولێر
لەسەر ڕووبەری 15 دۆنم زەوی، زیاتر لە 300 جۆر گەنم و جۆ داچێنراوە، هەر بنەتۆیەکی گەنم و جۆ لە دوو بۆ سێ زەوی جیاواز لەسەر ڕووبەری 10 بۆ 30 مەتری چوارگۆشە داچێنراوە. کە لەلایەن کەسانی پسپۆڕانەوە توێژینەوە لەبارەی قەد و گەڵا و دەنکەکەی و نەخۆشی و خاکەکەی دەکرێت.
هیوا حەیدەر، بەرپرسی بەشی خاک و تاقیگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانی توێژینەوەکان دەکەین چونکە کۆمەڵێک داتا هەیە دەبێت وەریان بگیرێن، یەک لەوانە ڕێژەی کلۆرۆفیل لەگەڵاکەی وەردەگرین تاوەکو بزانین ڕێژەی کلۆڕۆفیل چەندە، بەهەمان شێوە بەرزی لاسکە گەنمەکە دەپشکنین، تاوکو بزانی گەنمەکە تووشی نەخۆشی بووە یان نا. ئەگەر هاتوو تووشی نەخۆشی بوو بە زووترین کات چارەسەری بۆ دەکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگترین شت ئەوەیە کە کۆمەڵێک جۆر دەچێنێرێت دەبێت بزانین کام جۆری بەهێزترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان، بەتایبەتی نەخۆشی ژەنگ.
توێژینەوەکان هەموو ساڵێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر دەکرێت، لە دوو دامەزراوەی سەرەکی دابەشکردنی تۆو لە جیهاندا گەنم و جۆ وەردەگیرێت، ئەوانیش "سمیت و ئیکاردا"نە، لەهەر بنەتۆیەکی گەنم و جۆ 50 بۆ 100 تەن وەردەگیرێت، دوای توێژینەوە یەک جۆریان کە لەگەڵ خاک ئاو هەوای هەرێمی کوردستان دەگونجێت هەڵدەبژێردرێت.
عەبدولسەمەد محەممەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توێژینەوەمان هەیە زیاتر لە 10 تا 12 ساڵ دەخایەنێت، بۆ ئەوەی جۆرێکی باشی گەنم دەستنیشان بکەین، کە بەرگەی هەموو ئەو ئافاتە کشتوکاڵییانە بگرێت کە سالانە ڕووبەڕووی دانەوێڵە دەبێتەوە، بەتایبەتی گەنم و جۆ، دواتر دەینێرینە لای حکوومەتی ناوەند بۆ تۆمارکردن، تاوەکو بکەویتە بەردەستی جووتیاران.