جەمیل ئەبوبەکر: کابینەی نۆیەم بایەخی زۆری بەکەرتی دڵنیایی داوە
K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمەوە بایەخی زۆر بەکەرتی دڵنیایی دراوە.
جەمیل ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گشتیی دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کابینەی نۆیەمەوە بایەخی زۆر بەکەرتی دڵنیایی دراوە، لە دوای 2020، گۆڕانی زۆر بەسەر ئیش و کارەکانماندا هاتووە.
جەمیل ئەبوبەکر گوتیشی: بەڕێوەبەری گشتیی دڵنیایی سەرپەرشتی کۆمپانیاکانی کاری دڵنیایی دەکەین لە کوردستان، چ ئەو کۆمپانیایانەی لێرەن چ ئەو کۆمپانیایانەی لە عێراقن بەڵام لقیان لێرە هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی دڵنیایی باسی لەوەش کرد، ئێمە هەشت کۆمپانیامان خۆماڵیمان هەیە، کە بارەگاکانیان لە هەولێرە، هەروەها دوو کۆمپانیا بارەگایان لە سلێمانییە، بەڵام لقیان لە هەولێرە، هەروەها شەش کۆمپانیای عێراقیمان هەیە کە لقیان لە هەولێرە، دوو کۆمپانیاش سەر بەوەزارەتی دارایی عێراقن و لقیان لەهەولێر هەیە، واتە بەگشتی 16 کۆمپانیا لە کوردستان ئەو کارە دەکەن.
دەشڵیت: خەڵک هۆشیاری لە بارەی دڵنیایی نییە، چونکە ئەگەر ئێمە ئەگەر سەیری وڵاتانی دراوسێ بکەین، هەموویان کۆماپانیای دڵنیاییان هەیە، ئەوەش چەند جۆرێکی هەیە، دەکرێت حکوومی بێت یان تایبەت بێت یان بە هاوبەشیی بێت، بەڵام ئەگەر دۆخی ئەمنی و سیاسیی جێگیر بێت کۆمپانیاکانیش زیاتر ئەبن، چونکە لە ڕێنمایی نوێی عێراق هەر کۆمپانیایەکی دڵنیایی دەبێت سەرمایەی 15 ملیار دینار بێت.
