بەهجەت ڕەفعەت: گرووپی شاخه‌وانیی ده‌بێت خولی جۆراوجۆر بۆ شاخه‌وانان بكه‌نه‌وه‌

K24 - هەولێر:

سەرۆكی گرووپی شاخەوانی ناوداران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كاره‌ساتی سروشتی به‌زه‌یی به‌ كه‌سدا نایه‌ته‌وه‌؛ ده‌شڵێت، مۆڵه‌تیان له‌ فیدراسیۆنی شاخه‌وانیی كوردستان وه‌رگرتووه‌.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 4ـی ئایاری 2024) بەهجەت ڕەفعەت، سەرۆكی گرووپی شاخەوانی ناوداران تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، گرووپه‌كه‌یان مۆڵه‌تی له‌ فیدراسیۆنی شاخه‌وانیی كوردستان وه‌رگرتووه‌ و به‌بێ مۆڵه‌ت هیچ چالاكییه‌ك ناكه‌ن.

بەهجەت ڕەفعەت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و گرووپانه‌ی سه‌ر به‌ فیدراسیۆنی شاخه‌وانیی كوردستانن ده‌بێت له‌ سه‌ره‌تادا خولی شاخه‌وانیی ببینن.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، خوله‌كان جۆراوجۆرن له‌وانه‌، خولی شاخه‌وانی، فریاگوزاری، ژینگه‌یی و مین و چه‌ندان شێوه‌ی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شاخه‌وانن بتوانن به‌سه‌ر پێشهاته‌كانی به‌رده‌میاندا زاڵ بن.

سەرۆكی گرووپی شاخەوانی ناوداران گوتیشی، كاره‌ساتی سروشتی به‌زه‌یی به‌ كه‌سدا نایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌مووان ده‌بێت به‌ زانایی و دانایی و لێوه‌شاوه‌ییه‌وه‌ وه‌رزشی شاخه‌وانی بكه‌ن.

بەهۆی لافاوەوە چوار شاخەوانی گرووپی سەگرمە لە دەربەندی مەسورانی نزیک شاخی زەردە مردن و تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی کران. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە فەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی 411ـی سزادانی عێراقی، سەرۆکی ڕێکخراوی شاخەوانی سەگرمە دەستگیر کراوە و تا کۆتاییهاتنی ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە لە لێکۆڵینەوەکان، ڕادەگیرێت.

هاووڵاتییەک بە ناوی ئالان، هاورێی ئەو شاخەوانانە بوو کە لە ڕووداوەکەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا، بە کوردستان24ـی گوت: کاتێک ئاگەدارکراینەوە کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە روویداوە، چووینە شوێنەکە بۆ بەهانەوەهاتنی هاورێکانمان، بەڵام بەداخەوە یەکەم شت کە بینیمان تەرمی چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستمان بوو، کارەساتێک بوو بەڕاستی وەسف ناکرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەو ژمارە هاووڵاتییە کە لە گرووپە شاخەوانییەکە بوون بەهۆی مەرگی هاوڕێکانیان باری دەروونیان هیچ باش نییە، پێش ئەوەی ڕووداوەکە رووبدات، شاخەوانەکان ویستبوویان لە شاخەکەدا بێنە خوارەوە، بەڵام بەهۆی هاتنی لافاوەوە چوار شاخەوان نەیانتوانی بێنە خوارەوە و مردن. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، دوای دوو کاتژمێر و نیو تەرمی هەر چوار شاخەوانەکە دۆزرایەوە.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەبارەی خراپی کەشوهەوای ئەم چەند ڕۆژە، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، ڕێکخراوی شاخەوانی سەگرمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە کە ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) گەشتێک ڕێک دەخات بۆ ناوچەی قەرەداغ، گوندی ئاوەسپی - دەربەندی مەسوران.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی ڕێکخراوەکە، شوێنی کۆبوونەوەی شاخەوانان کاتژمێر 6:15ـی بەیانی ڕۆژی هه‌ینی بووە لە تەنیشت یانەی کۆمەڵایەتیی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی و کاتژمێر 6:30 بەیانیش بۆ دەربەندی مەسووران لە ناوچەی قەرەداغ بەڕێ کەوتوون.

بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی کوردستان24 بڵاو کراونەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری بەهۆی سەختی شوێنەکەوە، جگە لە بوونی چەند ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن، کۆپتەریشیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوە تەرمەکان.

کوردستان24 زانیویەتی ئەندامێکی گرووپە شاخەوانییەکە پێش ئەوەی گیان بسپێرێت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوای بە فریاکەوتنی کردبوو، هەروەها یەکێک لە شاخەوانەکان بەناوی حەمەلاو، پێشتر تووشبووی شێرپەنجە بووە و لە نەخۆشخانەی هیوا چارەی وەرگرتووە و چاک بووەتەوە، دوێنێ هەینیش بەهۆی لافاوەوە لە دەربەندی مەسوران مردووە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاندبوو، کۆی گشتی ئەندامانی گرووپە شاخەوانییەکە 12 کەس بوون و چواریان خنکاون و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و ئەوانی دیکە سەلامەتن.

هەروەها ڕەئووف کەمال، قایمقامی قەرەداغ ڕایگەیاندبوو، گرووپێکی شاخەوانی لە شاری سلێمانی هاتوون بۆ گوندی ئاوەسپی لە ناحیەی سێوسێنان و بەهۆیەوە ژمارەیەکیان لافاو بردوونی کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتوونەتە سنوورەکە.

Fly Erbil Advertisment