هاووڵاتیانی شێخان داوا دەکەن سەگە بێلانەکان کۆبکرێنەوە و ببرێنە جێگایەکی تایبەت

K24- هەولێر
دیاردەی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکانی ناو قەزای شێخان، خەڵکی ئەو قەزایەی نیگەران کردووە. هاووڵاتییەک دەڵێت، سەگی بێلانە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی منداڵان، بۆیە ناچارن خۆیان منداڵەکان ببەنە قوتابخانە و بیانگەڕێننەوە.
هونەر هاشم، هاووڵاتییەکی قەزاکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە زۆر بێزاربووین، ئێمە چەندین جار بە قایمقامی شێخانمان گوتووە چارەی ئەو دۆخە بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە قوتابیمان هەیە ناتوانن کاتژمێر 8ـی بەیانی بێنە قوتابخانە لەبەر سەگی بێلانە، ئێمە نەمانگوتووە بیان کوژن، ئێمە تەنیا دەڵێین کۆیان بکەنەوە و بیان بەنە جێگایەکی تایبەت، چونکە خەڵک ناتوانن بە ئۆتۆمبێلیش هاتووچۆ بکەن.
کامیران مشعەل، باوکی یەکێک لە قوتابییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەوسەگانەی ناوچەکە زۆر مەترسییان لەسەر منداڵەکانمان هەیە، بۆیە ئێمە داوا لەلایەنی پەیوەندار دەکەین چارەیەک بکەن، ئێمە نەمانگوتووە بیان کوژن، ئێمە گوتومانە چارەیەکیان بکەن و جێگەیەکیان بۆ دابین بکەن.
شارەوانی شێخان زەویی دەستنیشان کردووە بۆ دروستکردنی پەناگە بۆ سەگە بێلانەکان، داوا دەکرێت جێبەجێ بکرێت.
خالید نەرمۆ، سەرۆکی شارەوانیی شێخان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەو ڕاسپاردانەی لە وەزارەتی شارەوانیی و گەشتو گوزار هاتووە، ئێمە زەویمان دابین کردووە و نووسراوێکمان بۆ لایەنی پەیوەندار ناردووە، بۆ ئەوەی جێگایەکی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دروست بکەین.
بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە "158ـی ساڵی 2022" دەبێت جێگای تایبەت بۆ سەگی بێلانە دروست بکرێت، بەڕەچاوکردنی مافی ئاژەڵان.