هاوڕێ کەمال: پێویستە دڵنیایی ئۆتۆمبێل، تەندروستی و ئەندازەیی بکرێن بە تەوزیمی

K24- هەولێر

لە یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لەهەرێمی کوردستان، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، وەکو وەزارەتی دارایی نووسراومان کردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کە سێ جۆر دڵنیایی پێویستە  لە هەرێمی کوردستان تەوزیمیی بکرێن، ئەویش دڵنیایی ئۆتۆمبێل، دڵنیایی تەندروستی و ئەندازەییە.

د. هاوڕی کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەکوردستان24 ڕاگەیاند، ئێمە کە دەستمان بەو کۆنفرانسە کردووە، ئەبێتە بەشێک لەوەی چۆن بتوانین لەڕووی یاساییەوە ئامادەسازیی بکەین، چونکە ئەوانەی بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە کراون خەڵکی دەرەوە و ئەکادیمیاکانی ناوخۆن.

گوتیشی: ئێمە بەشداریمان لە کۆنفرانسی "عەقەبە" لە ئوردن و سەڵتەنەی عومان و ئیمارات کردووە، کە لەڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتی لەکوردستان نزیکن، بۆیە هەوڵ دەدەین باشترینی ئەو ئەزموونانە هەڵبژێرین و لەکوردستان جێبەجێی بکەین.

 هاوڕی کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە وەکو وەزارەتی دارایی نووسراومان کردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کە سێ جۆر دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان پێویستە تەوزیمی بن ، ئەویش دڵنیایی ئۆتۆمبێل، دڵنیایی تەندروستی و ئەندازەییە. دەشڵێت، وەک دیارە چەندین ڕووداوی ناخۆش بەسەر خەڵک دێت، وەک سووتان و لافاو و کەوتنی ئەسانسۆری باڵاخانەکان، بۆیە ئەگەر دڵنیایی ئەندازەیی هەبێت و کۆمپانیاکان دڵنیایی بکەن ئەوە باڵەخانەیەک دروست ناکەن ئەگەر وەکو ستانداردی جیهانی نەبێت، پاشان ئەگەر دڵنیایی کرد و ڕووداوێکیش ڕوویدا ئەوە قەرەبووی دەکاتەوە.

لەسەر دڵنیایی سوارۆ جەختی کردەوە، کاتێک شۆفیری تاکسیەک یان بەرهەڵگرێک، ئۆتۆمبێلەکەی بە ڕووداوی هاتووچۆ یان سووتان لەناو دەچێت، بەڵام ئەگەر دڵنیایی هەبێت ئەوە دەتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە. هەروەها بۆ تەندروستیش هەمان شت ڕاستە.

Fly Erbil Advertisment