فەوزی ھەریری: نێچیرڤان بارزانی بۆ پتەوکردن و نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان دەچێتە تاران

K24 - هەولێر
سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، پتەوکردن و نوێکردنەوەی پەیوەندییە دوو قووڵییەکانە. بە پێویستیش دەزانێت، ئێران ڕێز لە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، فەوزی ھەریری، سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی تاران کراوە. ئێستا دۆخەکە گونجاو بوو، بۆ ئەوەی سەردانەکە بکرێت".
ئێران و هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی هەریری باسی کرد، پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووریی مێژووییان لەنێوانیاندا هەیە. گوتیشی، "هەروەکو چۆن لەگەڵ تورکیا باشترین پەیوەندیمان هەیە، دەبێت هەمان ئاراستە لەگەڵ ئێران هەوڵ بدەین؛ بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە ئێران ڕێز لە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێت".
بە گوتەی سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، "پتەوکردنی پەیوەندییەکان و نوێکردنەوەی هەندێکیانە لە هەموو بوارەکاندا". ئاماژەی بەوەش کرد، "گەشبینین کێشەکان، ئەگەر هەبن، چارەسەر بکرێن".
سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان جەختی لەوە کردەوە، "ئێمە هەرگیز ناهێڵین هیچ مەترسییەک لە هەرێمی کوردستانەوە بکرێتە سەر ئێران، تورکیا و سووریا."
ئەو شاندەی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەکات، لە جێگرانى سه‌رۆك و وه‌زیری ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و ژماره‌يه‌ك له به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان پێكدێت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، نێچيرڤان بارزانى له ميانى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ تاران، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆده‌بێته‌وه و ده‌رباره‌ى بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، گفتوگۆ ده‌كه‌ن.