ئەحمەد موفتی: داواكراوە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ كۆرمۆر دابین بكرێت

ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانی سرووشتییەکان
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانی سرووشتییەکان

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیەنێت، سەرجەم كارمەندانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دڵنیاییان ئەنجامداوە، لەبارەی کۆرمۆرەوە دەڵێت: داوامانكردووە كۆرمۆر لە هێرشی ئاسمانی بپارێزرێت، باسی لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کرد و گوتی: ئێستا هیچ بیانوویەك بۆ راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نەوت نییە.

ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، کۆنفرانسی دڵنیایی، کۆنفرانسێکی سەرکەوتووە و دەستپێشخەرییەکی باشە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا دڵنیایی بووەتە کولتوورێک لە بواری وەبەرهێنان.

بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، راشیگەیاند، کۆمپانیاکانی دڵنایی بەشێکن لە دەوڵەمەندکردنی کەشوهەوای وەبەرهێنان، هەروەها دڵنیای کەرتی نەوت و غاز پێشدەخات، "ئێمە لە بواری نەوت بایەخێکی زۆرمان داوە بە کەرتی دڵنیایی". ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیاکانی خۆماڵی توانیویانە دڵنیایی تەندروستی دابین بکەن بۆ زۆرینەی کارمەندانی کۆمپانیا نەوتییەکان.

حكوومەتی هەرێمی کوردستان سەقامگیری بۆ كۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی بواری وزە دابینكردووە

لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئەحمەد موفتی، گوتی: مەترسییەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر نادیارن، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کێڵگەی کۆرمۆر بپارێزین، لەکاتێکدا کۆرمۆرمان لە هەموو هێرشێکی زەمینی پاراستووە، بەڵام ئەو مەترسیانەی کە لەسەریتی ئاسمنین، بۆیە داواکراوە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کۆرمۆر دابین بکرێت.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستی پێکردووەتەوە و کارەباش گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. هاوکات ئاشکرایکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی سەقامگیری و یاسایی و ئەمنی بۆ کۆمپانییەکانی بواری بەرهەمهێنانی وزە و کێڵگەکانی نەوت و گاز دابین کردووە.

لەبارەی وەبەرهێنانەوە بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی نەکردووە، سەرکەوتنی وەبەرهێنان پەیوەستە بە ئارامی و سەقامگیری، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو توانایەکی خۆی تەرخان کردووە بۆ رەخساندنی ئەو ئارامی و سەقامگیرییە.

ئەوەشی روونکردەوە، کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان هەست بەو ئارامی و سەقامگیرییەی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە کارەکانیان بەردەوامن.

ئێستا هیچ بیانوویەك بۆ راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نەوت نییە

لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد موفتی، گوتی: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت گرنگە، چونکە هەم لە بەرژەوندی عێراقدایە هەم لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندایە، ئێستا هیچ بیانوویەک بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوت نییە،

ئەحمەد موفتی گوتیشی: کۆمپانیا نەوتییەکان، عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە راگرتنی هەناردەی نەوت زیانمەندبوونە. باسی لەوەشکرد، ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن قەرەبووی راگرتنی هەناردەی نەو دەکرێنەوە و بەپێی گرێبەست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها بەشێك لە كۆمپانیاكان سوودیان بۆ ئابووری هەرێم هەبووە.

یاسای نەوت و گاز دەبێت بۆ خزمەتی هەمووان بێت

لەبارەی یاسای نەوت و گاز بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، رایگەیاند، شێوازی نووسینەوەی یاسای نەوت و گاز گرنگە، ئەگەر بە شیوازێکی دادپەروەرانە بنووسرێتەوە ئەوا هەموو پارێزگاکان و هاووڵاتییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لێی سوودمەند دەبن.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەگەر یاساکە بۆ مەبەستی سەپاندنی مەرکەزییەت بێت بەسەر هەرێم، سەرکەوتوو نابێت، هەروەها یاسای نەوت و گاز دەبێت كەرتی وزەی هەرێم بپارێزێت.

ئەحمەد موفتی باسی لە دەستی کاری ناوخۆیی کرد و گوتی: "دەستی كاری ناوخۆیی لە كەرتی وزەدا زۆرینەیە، لە بەشێک لە کۆمپانیاکان 90%ـی کارمەندی ناوخۆیین". تیشکی خستە سەر ئەوەش، كارمەندی ناوخۆیی بەئەزموونمان لە بواری وزە هەیە.

Fly Erbil Advertisment