ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە
K24 – هەولێر:
بەرگری شارستانی هەولێر بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: ئاگر لە بەشێکی نێو بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتووەتەوە و تیمەکان سەرقاڵی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەن.
کەمێک پێش ئێستا ئاگر لە بەشێکی بازاڕی شاری هەولێر کەوتەوە و بەرگری شارستانی هەولێر بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تیمەکانیان لە هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەن.
بۆ بەدواداچوون و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕووداوەکە، هەر یەکە لە پارێزگار و قایمقامی هەولێر چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هاووڵاتییەکی زۆریش لە نزیک بازاڕی قەیسەری کۆبوونەوەتەوە و دەزگا پەیوەندیدارەکان داوایان لێدەکەن نزیکی ئاگرەکە نەکەون و هاوکاری تیمەکان بن تاوەکو بتوانن لە زووترین کاتدا کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن.
لەبارەی هۆکار و قەبارەی زیانەکان، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: دوای کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە، لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکرێت و دواتریش قەبارەی زیانەکان دیاریدەکرێت.
ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە pic.twitter.com/tXcsIQQj1l
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) May 5, 2024