سوودانی: له ڕێگه‌ی لیژنه هاوبه‌شه‌كان ڕێژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكوه‌زیران عێراق و وه‌زیری كشتوكاڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه و تاووتوێی دۆسییه‌كانی كشتوكاڵ و ڕه‌وشی جووتیاران له‌سه‌رانسه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرا. هاوكات سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، له رێگه‌ی لیژنه هاوبه‌شه‌كاندا، ڕێژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كرێت.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 5ـی ئایاری 2024)، محه‌ممه‌د شییاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به ئاماده‌بوونی عه‌باس جه‌بر ئه‌لمالیكی وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق، پێشوازی له بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد.
له دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆسییه كشتوكاڵییه‌كان له سه‌رانسه‌ری عێراق و وەرزی به‌بازاڕکردنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان و ئەو بڕانەی کە دیاری کراون بۆ وەرگرتن له هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق، كرا.
هه‌روه‌ها له دیداره‌كه‌دا دۆخی به‌نداوه‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا، به‌تایبه‌ت هه‌ر چوار به‌نداوه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و گرنگی دابینكردنی پێداویستیی چاككردنه‌وه و پاراستنیان.
سوودانی و تاڵه‌بانی باسیان له پاڵپشتی زیاتری جوتیارانی كورد له ڕێگه‌ی دابینكردنی ئامێر و ته‌كنه‌لۆجیای نوێ كرد، كه كارئاسانی بۆ ده‌ستخستن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان ده‌كات.
سوودانی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دووپاتی كرده‌وه، پاڵپشتی بنه‌ماكانی ئاسایشیی خۆراك ده‌كات و ڕایگه‌یاند، ئه‌مه هیچی له ئاسایشیی نیشتمانی كه‌متر نییه.
سوودانی ڕاشیگه‌یاند، ڕێككاره‌كانی حكوومه‌ت له پێناو ئاسانكاریی بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌می جووتیاران و خێرایی پێدانی شایسته داراییه‌كانیان، وا ده‌كات ئاستی به‌رهه‌می نیشتمانی زیادبێت.
ڕوونیشی كرده‌وه، لیژنه هاوبه‌شه‌كان، بڕی گه‌نمی وه‌رگیراوی جووتیارانی هه‌رێمی دیاری ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها تیمێكی تایبه‌تمه‌ندی پێكهاتوو له وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان، به‌دواداچوون بۆ دۆخی به‌نداوه‌كان به گشتیی ده‌كه‌ن.