ناتانیاهۆ: شەپۆلی دژایەتیی جوو لە جیهاندا گەشەی سەندووە

بنیامین  ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە دوولاوە توشی شەڕ بووە لایەکیان بەرامبەر ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو، لایەکەی دیکە ئەو شەپۆلە فراوانەی دژە جوو لە جیهاندا وەک گڕکان پەرەی سەندووە.

بەگوتەی ئەو سەرۆکوەزیرانە، "ڕۆژاواییەکان ئەو هەستە دژە جووەی لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانییەوە هەیانە، ئێستا بەشێوەیەکی ناشرینتر دەری دەخەن".

ئەو سەرۆکوەزیرانە گوتیشی: "ئێمە لە دوو بەرەوە شەڕدەکەین، بەرەیەکییان ئێران و گروپە توندڕەوەکانی نزیک لەوە، کە بە ئاشکرا هێرش دەکەنە سەرمان، بەرەی دووەم ئەو شەپۆلە دژە جووەیە کە وەک گڕکان لەسەرانسەری جیهاندا پەرەی سەندووە. بەسادەیی دەیڵێم ئەو ڕقەی لە ڕۆژاوا بەرامبەر جوو هەبووە لەسەردەمی هۆڵۆکۆستەوە، ئێستا بەشێوەیەکی ناشرین گەڕاوەتەوە."

ناتانیاهۆ ڕشیگەیاند، "خەڵک بڕوا بە بوختان و درۆ دەکات، ئەویش ئەگەر بوخاتەنەکان دژی ئێمەبن، چونکە ئێمە جووین، دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ گوشار و یاسایەک نابێتە ڕێگر لەوەی ئێمە بەرگریی لە خۆمان بکەین".

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.