لووتکەی هاریکاریی ئیسلامی داوای ڕاگرتنی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی هاریکاریی ئیسلامی داوای کۆتایهێنان بەئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.

لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کارەکانی لووتکەی هاریکاریی ئیسلامی، بە بەشداری 57 وڵات لە گامبیا بەڕێوەچوو، لووتکەکە داوای سزادانی توندی ئیسرائیل و کۆتایهێنان بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵی دەکات.

لووتکەی هاریکاری ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوی کۆتایدا ئاماژەی بەوەش داوە، سەرجەم ڕێکارە دیپلۆماسییەکان دژی تەلئەڤیڤ دەگرنەبەر و لەسەر ئاستی سیاسی، دیپلۆماسی، وەرزیش و ڕۆشنبیریی سزای بەسەردا دەسەپێنن.

هەروەها ئەو لووتکەیە، کوشتاری خەڵکی غەززە و هێرشی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی بێتاوان سەرکۆنە دەکەن.

کارەکانی لووتکەی هاریکاریی ئیسلامی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە وڵاتی گامبیا بەڕێوەچوو، تەوەری سەرەکی لووتکەکە شەڕی غەززە و دۆخی مرۆیی ئەو ناوچەیە بوو.

ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ساڵی 1969 لە مەغریب دامەزراوە و بنکە سەرەکییەکەی لە شاری جدەی سعوودییەیە، پاڵنەری دروستبوونی ئەم ڕێکخراوە چارەکردنی ئەو گرفتانەیە کە لە ئەنجامی شکستی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بە ئیسرائیل لە ساڵی 1967 هاتنە ئاراوە.

ئەم ڕێکخراوە زیاتر لە 50 وڵاتی ئیسلامی تیایدا ئەندامن و ئامانجی سەرەکیی ڕێکخراوەکەش هاوکاریکردن و گەشەپێدانی پەیوەندیی نێوان وڵاتە ئیسلامییەکانە لە هەموو بوارەکاندا.

Fly Erbil Advertisment