گرێبەستێکی عێراق و ئەمەریکا ناکۆکی خستووەتە نێوان سەرکردە شیعییەکان

K24 - هەولێر
گرێبەستی حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا بۆ کڕینی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگی، ناکۆکی لەنێوان سەرکردە شیعییەکان دروست کردووە، بەشێک لە سەرکردە شیعەکان پێیانوایە گرێبەستی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی زیاتربوونی هەژموونی ئەمەریکا لە عێراق.
گرێبەستی حکوومەتی عێراق بۆ کڕینی فڕۆکە لە ئەمەریکا ناکۆکییەکی نوێ دەخاتە ناو سەرکردە شیعەکان، بەشێکیان گرێبەستەکە بە هۆیەک بۆ زیاتربوونی هەژموونی ئەمەریکا لە عێراق دەبینن.
محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوەڕاستی مانگی رابردوو چووە ئەمەریکا. سوودانی گرێبەستێکی بۆ کڕینی 21 فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر لەگەڵ ئەمەریکا ئیمزا کرد و چەند فڕۆکەیەکی ڕاهێنانیشی وەک دیاری لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە پێشکەش کرا.
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەبارەی گرێبەستەکەوە دەڵێت، "بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی سوودانی و ئیدارەی بایدن کردوویانە، ئەمەریکا 12 هێلیکۆپتەری جۆری بیڵ 412 و نۆ فڕۆکەی جۆری بیڵ 407 بە عێراق دەدات، پارەی فڕۆکەکانیش بە چەند بەشێک لە لایەن عێراقەوە دەدرێت. خەفاجی ڕوونی دەکاتەوە، سەرباری ئەمانە، ئەمەریکا پێنج فڕۆکەی دیکەی جۆری بیڵ 412 وەک دیاریی بە عێراق دەدات".
پێناچێت سەرکردە شیعەکان بەم رێککەوتنەی سوودانی و ئیدارەی بایدن دڵخۆشبن، لە نوێترین لێدواندا سەبارەت بەو گرێبەستە؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەدا، ئەو ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی زیاتربوونی هەژموونی ئەمەریکا بەسەر هێزە چەکدارەکانی عێراق.
هاوکات بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەر بەهێزەکانی نزیک لە ئێران هەنگاویان دژی گرێبەستەکەی سوودانی و ئیدارەی بایدن بۆ پڕچەککردنی هێزی ئاسمانی عێراق گرتووەتەبەر، دەیانەوێت لەڕێگەی لیژنەی دەستپاکییەوە لێکۆڵینەوە لە خەرجی گرێبەستەکان بکەن وگومانیان هەیە گەندەڵی تێدا کرا بێت.
پرسی پڕچەککردنی هێزی ئاسمانی عێراق یەکێک لەو پرسانەی لە دوای 2003ـەوە زۆرترین گەندەڵی تێدا کراوە، یەکێک لەو گەورەترین گەندەڵییەکانیش کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسی بوو لەسەردەمی کابینەی دووەمی نوری مالیکی.