سوپای ئیسرائیل داوای دەستبەجێ چۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح دەکات

K24 – هەولێر
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئایاری 2024، هۆشداریینامەیەکی ئاراستەی دانیشتوانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە کردووە و داوایان لێ دەکات دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەرەو ئەو ناوچە مرۆییانە بچن کە بۆیان دیاری کراوە، بەر لەوەی هێرشی زەمینی دەست پێ بکات.
فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا هۆشدارییەکی بە پەلەی ئاراستەی دانیشتوان و ئاوارەکانی ناوچەکانی شۆکە، دەروروبەری ناوچەی سەلام و جەنینە، گردی زارعی کردووە لە شاری رەفەح بۆ ئەوەی دەستبەجێ ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە ئەو ناوچە مرۆییەی لە ناوەڕاستی کەرتی ڕەفەح دیاری کراوە یان بەرەو کۆتا خاڵی باشووری ڕەفەح بچن بەر لەوەی هێرشی فراوانی زەمینی سوپای ئیسرائیل دەست پێ بکات.
ڕاشیگەیاندووە، بە توندیی و هەموو توانایەک بەرەنگاری ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوورە لە سەر جێبەجێکردنی پلانی هێرشی فراوانی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح وەک دوا مۆڵگەی چەکدارانی حەماس، بەڵام ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە داوە و ڕایگەیاندووە، هێرشی سەر ڕەفەح بەو چڕییەی دانیشتوانەی تێیدایە و سنوورە قەبووڵکراوەکان دەبەزێنێت، چونکە ئیسرائیل هیچ پلانێکی لە بارەی پاراستنی خەڵکی سڤیل ئامادە نەکردووە.
هەروەها تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس، نیگەرانی خۆیی لە بارەی پلانی هێرشی فراوانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح ڕاگەیاندووە و دەڵێت: هێرشکردنە سەر ڕەفەح دەبێتە هۆی دروست بوونی گۆمی خوێن. داواکارە ڕێگری لەو پلانەی سوپای ئیسرائیل بکرێت.
ئاماژەی داوە، هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح قورسایی ئەرکەکانی سەر کەرتی تەندروستیی چەند هێندە دەکات لە کاتێکدا کەرتی تەندروستیی پەکی کەوتووە و لە کۆی 36 نەخۆشخانە تەنیا 12 نەخۆشخانە لە ژێر فشارێکی زۆردا کار دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە یێنس لارکە، گوتەبێژی نووسینگەی هەماهەنگیکاری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (ئۆچا) ڕایگەیاندووە، هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح کۆتاییهێنانە بە سەرجەم چالاکییە مرۆییەکان، چونکە ڕەفەح بۆتە دڵی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.