ئیسرائیل و حەماس یەکتری بە دروستکردنی بەربەست لە بەردەم ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن
K24 - هەولێر
گفتوگۆکانی ئەم گەڕەی تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە کۆتاییان هات. ئیسرائیل و حەماس یەکتری بە هۆکار و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن تۆمەتبار دەکەن.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە و ڕاگەیاندن ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆکان بێ ئەنجامن.
هەر یەکە لە ئیسرائیل و حەماس بەردەوام یەکتری بە پابەند نەبوون بە ئاگربەست و ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکان تۆمەتبار دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داواکارییەکانی حەماس بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن ڕەتدەکاتەوە و بڕوای وایە، خۆبەدەستەوەدان بە داواکارییەکانی حەماس شکستێکی سەختە بۆ ئیسرائیل و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ حەماس و ئێران.
لە بەرانبەر لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە راگەیەندراوێکدا خواستی بزووتنەوەکەی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە دەربڕی. سەرزەنشتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشی کرد بەوەی بەردەوامە لە شەڕەنگێزی و فراوانترکردنی بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەکان.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد گفتوگۆکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچن بۆ ئەوەی ببێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان، پاراستنی خەڵکی مەدەنی، ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کەم کردنەوەی گرژییە هەرێمایەتییەکان.
زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس بڵاوی کردووەتەوە ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 36 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 80 هەزار کەس.