وەزارەتی کارەبا: هیچ بەڵگەیەک نییە ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر بەهۆی کارەباوە بوو بێت

تەندروستی هەولێر: لە ئاگرکەوتنەوەکەی قەیسەری 132 کەس بریندار بوون

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارێکی کەرتی تەندروستی پارێزگای هەولێر لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر 132 کەس بریندار بوون  و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هیچ بەڵگەیەک دەست نەکەوتووە تا بیسەلمێنرێت ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری بەهۆی کارەباوە بوو بێت.

ڕێزان ئەنوەر، بەڕێوەبەری بەشی کردە پزیشکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر 132 کەس برینداربوون و 117 کەس لە بریندارەکان هەر لە نزیک شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە چارەی پێویستیان بۆ کراوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراون، بەڵام 15 لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

شەوی ڕابردوو ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، بە هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و بەگوێرەی دوایین ئامارەکان لە ئاگرکەوتنەوەکەدا 228 دوکان و 7 کۆگای کاسبکارانی بازاڕەکە سووتاون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە 30 تیمی بەرگری شارستانی سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بەشدار بوون.

هەروەها وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر فەرمانی وەزیری کارەبا لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکانی وەزارەتی کارەبا، بەسەرپەرشتی حوسێن حەمەد قادر ڕاوێژکاری وەزارەت سەردانی قەیسەریی هەولێریان کرد، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەڵگە و ئاماژەی وا لەبەردەستدا نەبوو بەوەی کە هۆی ئاگرکەوتنەوە پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، لێژنەی هەماهەنگیی و هاوکاری لەگەڵ لێژنەکانی لێکۆڵینەوە و لایەنە پەیوەندارەکانی پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت بۆ دۆزینەوەی هۆی سەرەکی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی بازاڕی قەیسەری.