دوو هاووڵاتیی بە هەورەبروسکە مردن

K24 – هەولێر
سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، لە کاتی کارکردنیان لە یەکێک لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان دووهاووڵاتیی بەڕەگەز عەرەب بە هەورەبروسکە مردن.
سەرچاوەیەک لە پزیشکی دادی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024، دوو هاووڵاتیی بە ڕەگەز عەرەب، لە کاتی کارکردن لە یەکێک لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، لە گوندی قورشاغلو کە دەکەوێتە نێوان شارەدێی دیبەگە و دەشتی هەولێر، هەورەبروسکە لێی دان و دەستبەجێ مردن.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، "ئەو دووکرێکارە یەکێکیان تەمەنی 21 ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 28 ساڵە؛ هەردووکیان خزمی یەکترن و خێزاندارن. ئێستە تەرمەکانیان لە پزیشکی دادی هەولێرە".
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کەسووکاری ئەو دوو کرێکارە لە ڕووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و داوایان لێکراوە، بێنە پزیشکی دادی هەولێر بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان.