توێژینه‌وه‌یه‌ك: دایكان و باوكان به ڕێزه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵه هه‌رزه‌كاره‌كانیان بكه‌ن

K24 – هەولێر:
زانایان و پسپۆڕانی بواری ده‌روونناسی و په‌روه‌رده‌یی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن زۆربه‌ی هه‌رزه‌كاران له‌و قۆناغه‌ی ته‌مه‌نیاندا درۆ ده‌كه‌ن؛ ده‌شڵێن، نه‌گوتنی ڕاستییه‌كان له لای هه‌رزه‌كاران ده‌كه‌وێته نێوان ته‌مه‌نی 13 بۆ 15 ساڵی.
توێژینه‌وه‌یه‌ك كه له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك زانا و پسپۆڕی بواری ده‌روونناسی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه ئاماده كراوه، ده‌ڵێت، ڕێژه‌ی 75%ـی هه‌رزه‌كاران له‌و قۆناغه‌ی ته‌مه‌نیاندا له ڕۆژێكدا لانی كه‌م سێ جار درۆ ده‌كه‌ن.
به پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه، نه‌گوتنی ڕاستییه‌كان له لای هه‌رزه‌كاران ده‌كه‌وێته ته‌مه‌نی نێوان 13 بۆ 15 ساڵی.
توێژه‌ران باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، دایكان و باوكان له‌و قۆناغه‌دا ناتوانن مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان بكه‌ن، بۆیه ئه‌وان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر درۆ.
هه‌روه‌ها داوا له دایكان و باوكان ده‌كه‌ن له‌و قۆناغه‌دا زۆر به وردی و به ڕێزه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان بكه‌ن و په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی به‌رده‌وامیش له نێوانیاندا هه‌بێت.
ڕوونیشیان كردووه‌ته‌وه، منداڵان له ته‌مه‌نی پێنج بۆ هه‌شت ساڵی، هه‌ر كارێك ده‌كه‌ن، پێشوه‌خته له مێشكی خۆیاندا جیهانێكی خه‌یاڵیان بۆ دروست كردووه و له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ره بۆچوونه‌كانیان ده‌رده‌بڕن.
هاوكات پسپۆڕان و شاره‌زایانی ده‌روونی به پێویستی ده‌زانن دایكان و باوكان له به‌رامبه‌ر منداڵه‌كانیان خۆیان له به‌كارهێنانی وشه‌ی "درۆ" بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ ئه‌و وشه‌یه نه‌ناسێت و له مێشكی خۆی نه‌یچه‌سپێنێت.