نێچیرڤان بارزانی و عه‌لی خامه‌نه‌ئی چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش تاووتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هەولێر:
له تاران سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دۆخى ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌شیان تاووتوێكرد.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 6ـی ئایاری 2024)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له تاران له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا ئه‌لعوزما سه‌ید عه‌لی خامه‌نه‌ئی، ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى به ديداریی سه‌ید عه‌لی خامه‌نه‌ئی ده‌ربڕى و جه‌ختى له ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له هه‌موو بواره‌كاندا.
هەر‌وه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى ئێرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا داكۆكييان له بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى كۆمارى ئيسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستاندا.
دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
ڕۆژی یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران.
پێشتریش نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە سەردانێکی فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئێران و له‌میانی دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکات.
هاوکات رۆژی یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) فەوزی ھەریری، سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی ھەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی تاران کراوە، ئێستا دۆخەکە گونجاو بوو، بۆ ئەوەی سەردانەکە بکرێت".