قایمقامی هەولێر: لێكۆڵینەوەی ورد و خێرا لە ھۆكاری سووتانی بازاڕی قەیسەری دەكرێت
K24 – هەولێر:
قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەی ورد و خێرا لە ھۆكاری سووتانی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر دەكرێت.
ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ھەولێر بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەی ورد و خێرا لە ھۆكاری سوتانی بازاڕی قەیسەری ھەولێر دەكرێت و هۆکارەکەشی هەر چییەک بێت، ڕێکاری پێویست دەگرنەبەر.
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: حكوومەتی هەرێمی کوردستان ھاوكاری پێشكەش بە زیانلێكەوتووان دەكات و ھاوكار دەبێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بازاڕی قەیسەری نۆژەنبكرێتەوە و كاسبكاران بگەڕێنەوە سەر دوكانەكانیان.
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بەسەرکردەوە و لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێخى ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.
هاوکات لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپکاری لە پشتە.
دوێنێ شەو (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.
دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێک چووبوو، بەڵام هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە 117 كەسيان چارەکران و 15 كەسى دیکەش گواسترانەوە نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەی پێویستیان بۆ کراوە.