چوارچێوەی هەماهەنگی: بەرپرسیاریەتی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەستۆی سوننەکانە

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

K24 – هەولێر:

چوارچێوەی هەماهەنگیی بەرپرسیاریەتی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەخاتە ئەستۆی سوننەکان و هەفتەیەک بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستەکە دیاری دەکات.

چوارچێوەی هەماهەنگیی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، داوا لە فراکسیۆنە سوننەکان دەکەین، بەرپرسیارییەتی هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەستۆ بگرن و لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەم پۆستە گرنگەی سیستمی سیاسیی یەکلایی بکەنەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگیی دەشڵیت، دوای تەواوبوونی ئەو هەفتەیە، پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئامادەکاریی بۆ دەنگدان بە خشتەکانی بودجەی 2024 ئەنجام دەدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ (6ـی ئایاری 2024) هاوپه‌یمانی سێقۆڵی سوننه‌ كه‌ پێك دێت له‌ "هاوپه‌یمانی عه‌زم، حه‌سمی نیشتمانی و سیاده"‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا داوا ده‌كات په‌رله‌مانی عێراق دانیشتنێكی به‌ په‌له‌ بكات و له‌ هیچ بارودۆخێك و به‌ هیچ پاساوێك دوای نه‌خات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت.

دوای ئەوە دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.

ڕۆژی (13ـی کانوونی دووەمی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، شەعلان عەبدولجەبار (152 دەنگ)، سالم عیساوی (97 دەنگ)، مەحموود مەشهەدانی (48 دەنگ)، عامر عەبدولجەبار (6 دەنگ) و تەڵاڵ زەوبەعی (یەک دەنگ)، هەروەها 10 دەنگی بەتاڵیش هەبوو، بەم جۆرە هیچ یەکێک لە کاندیدەکان دەنگی پێویستی نەهێنا.

دوای کشانەوەی شەعلان عەبدولجەبار لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، ئێستا سالم عیساوی بە تەنیا ماوەتەوە بۆ جێگرتنەوەی حەلبووسی، هەرچەندە هەندێک لە لایەنەکان داوای هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن جارێکیتر دەرگای خۆکاندیدکردن بکرێتەوە.

ڕۆژی (17ـی نیسانی 2024) شەعلان کرەیم لە ڕاگەیەندراوێکدا، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامێتی لە فراکسیۆنی تەقەدوم ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو کۆتایی هاتنی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، وەک ئەندامێکی سەربەخۆ کار دەکات.

Fly Erbil Advertisment