ماڵپەڕی ئەکسیۆس: چەند کاتژمێری داهاتوو سوپای ئیسرائیل دەروازەی ڕەفەح کۆنترۆڵ دەکات

K24 - هەولێر

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەروازەی سنووریی ڕەفەح کۆنترۆڵ دەکات کە کەرتی غەززە و شارەکە بە میسر دەگەیەنێت. ئەمەش لە کاتێکدا بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی قه‌ته‌ری و میسر نیشان داوە.

ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، پلانی سوپای ئیسرائیل لە کۆنترۆڵکردنی دەروازەی ڕەفەح بۆ چاودرێریی و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەو هاوکارییانەیە کە بۆ خەڵکی غەززە ڕەوانە دەکرێت.

سەرچاوەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەیداوە، کۆنترۆڵکردنی دەروازەی ڕەفەح لێدانە لە توانا سەرەکییەکانی حەماس کە وای دەردەخات ئێستاش کۆنترۆڵی غەززەی بە دەستەوەیە.

ئاماژەشیداوە، لە دوای کۆنترۆڵکردنی دەروازەکە ئیسرائیل دەیەوێت ئەو فەڵەستینییانەی کەرتی غەززە کە سەر بە حەماس نین سەرپەشتیی و چاودێری پرۆسەی دابەشکردنی ئەو هاوکارییانە بکەن لە لە میسرەوە دەگەنە دەروازەکە و کەرتی غەززە.

هەروەها بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری شاری غەززە، هێزی پیادە و تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە ئێوارەی دووشەممەوە گەیشتوونەتە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح.  

ئاشکراکردنی پلانی پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسرائیل و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەی سنووری ڕەفەح لە کاتێکدایە، ئیسماعیل هەنییە سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بە ته‌له‌فۆن قسەی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ محه‌ممه‌د عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی قه‌ته‌ر و عه‌باس كامیل، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری میسری كردووه‌ و ڕه‌زامه‌ندبوونی بزووتنه‌وه‌كه‌ی پێ ڕاگه‌یاندوون لە سەر ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بزووتنەوەی حەماس، هه‌نیه‌ هەر لە بارەی ڕازی بوون بە ئاگربەست بە ته‌له‌فۆن قسەی لەگەڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیاش كردووه‌ و هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌كه‌ی لەبارەی ئاگربەست ڕوونکردووەتەوە.

بەرەبەیانی دووشەممە 6ی ئایاری 2024، فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا هۆشدارییەکی بە پەلەی ئاراستەی دانیشتوان و ئاوارەکانی ناوچەکانی شۆکە، دەروروبەری ناوچەی سەلام و جەنینە، گردی زارعی ڕۆژهەڵاتی شاری رەفەح کرد بوو بۆ ئەوەی دەستبەجێ ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە ئەو ناوچە مرۆییەی لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە دیاری کراوە یان بەرەو کۆتا خاڵی باشووری ڕەفەح بچن بەر لەوەی هێرشی فراوانی زەمینی سوپای ئیسرائیل دەست پێ بکات.

هێرشی فراوانی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە و بە پلانێکی ڕیشەکێش کردنی چەکدارانی حەماسی دەزانێت، نیگەرانی نێودەوڵەتی لێکەوتووتەوە و ئەمەریکا لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستی خۆیی ڕاگەیاندووە کە پشتیوانی لەو کردە سەربازییەی ئیسرائیل ناکات، چونکە هیچ گەرەنتییەکی لە بارە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان نەداوە.

هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیهانیش ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل، ڕەفەح دەبێتە گۆمی خوێن و دەبێت هەرچی زووە ڕێگری بکرێت لە هەر پێشڕەوییەکی سوپای ئیسرائیل و هەوڵەکانیش بۆ ئاگربەست چڕ بکرێنەوە.

Fly Erbil Advertisment