گۆتێرێز: ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ڕەفەح کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە
K24 - هەولێر
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە حەماس و ئیسرائیل کرد ئەو هەلەی بۆ ڕێککەوتن هاتووەتە پێشەوە لەدەستی نەدەن.
گۆتێرێز گوتی، "دەیانەوێت ڕێککەوتن لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دروست بێت، چونکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر ڕەفەح کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە".
سکتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بە توندی و نیگەرانییەوە داوا لەسەرکردایەتیی حەماس و حکوومەتی ئیسرائیل دەکەم هەنگاوێکی دیکە بچنە پێشەوە تا ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕوو بدات. ئەمەی هاتووەتە پێشەوە هەلێکە ناکرێت لەدەست بدرێت، دەبێت ڕێککەوتن بکرێت و ئۆپەراسیۆنی رەفەح ڕوونەدات، چونکە ئۆپەراسیۆنی ڕەفەح کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.