ئومێد خۆشناو: مامۆستایان بەشێکی گرنگن بۆ سەرخستنی ئامانجی قوتابیان

K24 – هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، مامۆستایان بەشێکی گرنگن لە سەرخستنی ئامانج و ئاواتی ئەو قوتابیانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکی تاقیکردنەوەی نیشتمانی قوتابیانی پۆلی نۆ، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گەشەپێدانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر، سەردانی یەکێک لە قوتابخانەکانمان کرد کە پێمان گرنگ بوو کە ئەمڕۆ دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمە هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم قوتابیان سنووری پارێزگای هەولێر دەخوازین.

ئەو پارێزگارە گوتی، "سەردانی قوتابخانەیەکی نابینایانمان کرد کە شێوازی تاقی کردنەوەکانی ئەوان جیاوازە، مامۆستایان و فەرمانبەران بەشێکی گرنگن لە سەرخستنی ئامانج و ئاواتی ئەو قوتابیانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، ڕاستە خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەڵام دونیایەک خەون خولیا و ئامانجی کەسی و گشتییان هەیە. ئومیدی سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین".

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "پێمان باشبوو ئەمساڵ دەستپێکردن و چاودێریکردنی ڕەوشی تاقیکردنەوەکان لەم قوتابخانەیە بێت، بە کۆی گشتی لە ڕێگەی هەر حەوت بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، 39 هەزار و 133 قوتابی بەشدارن، لە 671 هۆڵ، تاقیکردنەوەکان دەکەن".

ئەمڕۆ سێشەممە، 7-5-2024، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی دەستی پێکرد،  لەسەنتەری شاری هەولێر 16 هەزار و 902 قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەی نیشتیمانی دەکەن، هەورەها ئەو قوتابیانە بەسەر 247 هۆڵی تاقیکردنەوەدا دابەشکراون.

سەبارەت بە پۆلی 12 ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، لە 23ـی 6ـی 2024، دەست پێدەکات، لە ئێستاوە ئامادەسازییەکان دەستی پێکردووە.

لەبارەی نمرەی پۆلی نۆیەکان لە 40% نمرە لەگەڵ خۆیان دەبەن لە تاقیکردنەوەکانیش لە سەر 60 نمرە تاقیکردنەوە دەکەن.