ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای حکوومی عێراق بە 'دزی سه‌دەی دیاله' تۆمەتبار دەکرێن

K24 - هەولێر
ده‌ركه‌وتنی سه‌ره‌داوێكی دیكه‌ی دزی سه‌ده له پارێزگای دیاله مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه، كه تێیدا ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای حكوومه‌تی پێشووی عێراق و فه‌رمانبه‌رانی دیوانی پارێزگای شاره‌كه ملیاره‌ها دیناریان دزیوە كه بۆ قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووانی شاره‌كه ته‌رخان كراون.
بە گوێرەی زانیاریی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، دزینی نۆ ملیار دینار لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەسەر شێوازی دزیی سەدە بووە، پارەکە 9 ملیار دینار بەشێوەی چەک خەرجکراوە و کۆتا چەکیش بە بەهای سێ ملیار دینار بووە. ئەو نۆ ملیار دینارەی لە پارێزگای دیالە دزراوە بۆ قەرەبووی قوربانیانی شەڕی تیرۆر ته‌رخانكرابوو، بەرپرسانی پارێزگاکە لیژنەیەکی پێنج کەسییان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکەی پێکهێناوە، لەو باوەڕەدان ئەو کەسانەی پارەکەیان دزیوە تەنها ئەو سێ فەرمانبەرە نین، بەڵکو گرووپێکی دەسەڵاتداریان لە پشتە و پەنایان دەدەن.
ڕەعد دەهلەکی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە دزییەکەی دیالە دەکەن و تا دەرخستنی هۆ و کەسایەتییەکانی پشت ئەو دزییە لە لێکۆڵینەوەكان بەردەوام دەبن.
هاوكات، مه‌زر كره‌وی، په‌رله‌مانتاری عێراق ڕایگه‌یاندووه، قۆناغی دووه‌می لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی دیارنه‌مانی ملیاره‌ها دینار كه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی شاره‌كه ته‌رخانكرابوو، ده‌ستی پێكردووه، سه‌ره‌داوه‌كان ده‌ریانخستووه ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵا و فه‌رمانبه‌ر له‌و دزییه‌دا به‌شدارن. كره‌وی ده‌شڵێت، پێنج دۆسیە له‌باره‌ی ئه‌و دزییه له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه و هه‌نگاوی دوور و درێژی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی دزییه‌كه ئاشكرا بكرێت.
دیارنەمانی پارە بە گوژمەی زەبەلاح له عێراق خەریکە ده‌بێته دیارده، دۆسیەی دزی لە دیالەش بیرەخەرەوەی ئه‌و دزییە گەورەکەیە لە ئۆکتۆبەری 2022 دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە پارەی گومرگی باج لە بانکەکانی بەغدا دزران، تا ئێستا توانراوە نزیکەی 400 ملیار دینار لەو پارەیەوە بگەڕێندرێتەوە.