ئەحمەد سەفار: حکوومەتی هەرێم دەتوانێت سکاڵا لەسەر دواکەوتنی مووچە تۆمار بکات

K24 – هەولێر

بڕیاردەری لیجنەی دارایی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بابەتی بودجە لە عێراق بووەتە پرسێکی سیاسی، هەروەها حکوومەتی هەرێم دەتوانێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر دواکەوتنی مووچە بکات.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیجنەی دارایی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە بابەتی بودجە لە عێراق بووەتە پرسێکی سیاسی، هەروەها ڕێز لە دەستوور ناگیرێت و جێبەجێ ناکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندی دارایی و ئابووریی ئێمە لەگەڵ بەغدا جێگیر نەبووە، لەبەرئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کە لە 12.67% پێویستە بنێردرێت، دەشڵێت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەری کرد باش بوو کە گوتی حکوومەتی فیدراڵ دەبێت پابەند بێت بە پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا، بڕیارێکی دیکەی دادگای فیدراڵی بابەتی تەوتین کردن بوو، کە کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری هەرێمی کوردستان هەژماری بانکی دروست بکەن.

ئەحمەد سەفار ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا دانووستاندن لەسەر پڕۆژەی هەژماری من دەکرێت، کە زیاتر لە 300 هەزار کەس بەشدارە لە پڕۆژەی هەژماری من، لەبەر ئەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت شاندێک بنێرێتە دادگای فیدراڵی سکاڵای خۆی بکات تاوەکو دادگا نووسراوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بکات بۆ ئەوەی مووچە لەکاتی خۆی بنێرێت، دواتر بچن ڕێکارەکانی دیکە بگرنە بەر.

پەرلەمانتارەکەی پێشوو گوتیشی، ئێستا هەندێک جار مووچەی عێراقیش دوادەکەوێت، کە مانگی ڕابردوو دواکەوت، ئەوەش بەهۆی نەختینەوەیە چونکە ئێستا نەختینە کەمە، لەڕاستیدا 103 تریلیۆن دینار هەیە بەڵام ئەوەی لەبەردەستە 25 تریلیۆن دینارە، ئەویتر هەمووی لای خەڵکە و نابەنە بانکەکان، چونکە متمانەیان بەبانکەکان نییە.