ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی: كوردستان24 له‌سه‌ر ئاستی عێراق كه‌ناڵێكی كاریگه‌ره‌

K24 – هەولێر:

كۆنفرانسی  "Cemex Iraq" كاره‌كانی له‌ به‌غدا به‌رده‌وامه‌ كه‌ ده‌زگه‌ی كوردستان24 سپۆنسه‌ری مێدیایی ده‌كات؛ هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌زگه‌ی كوردستان24 ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ بووه‌ته‌ كه‌ناڵێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 7ـی ئایاری 2024) ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌زگه‌ی كوردستان24 ڕایگه‌یاند، كوردستان24 بووه‌ته‌ جێی متمانه‌ و سپۆنسه‌ری زۆربه‌ی چالاكیی و كۆنفرانسه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات، به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ك سپۆنسه‌ری دیداری ڕافیده‌ین بوو.

ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ كوردستان24 گرنگه‌ كه‌ وه‌ك تاكه‌ كه‌ناڵی كوردی سپۆنسه‌ری كۆنفراسه‌كه‌ی كردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ عێراقیش ته‌نیا كه‌ناڵی "العراقیة"ـی حكوومه‌ت به‌شداره‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌زگه‌ی كوردستان24 گوتیشی، سپۆنسه‌رییه‌كه‌ی كوردستان24 له‌ كه‌نالی ئه‌لعێراقییه‌ش فره‌وانتره‌ به‌و پێیه‌ی ستۆدیۆی كراوه‌ی داناوه‌ و میوانداریی به‌شداربووان ده‌كات.

ئه‌حمه‌د زاوێته‌یی باسی له‌وه‌ش كرد، كوردستان24 كه‌ناڵێكی تایبه‌ته‌ نه‌خاسمه‌ له‌ بواری په‌یوه‌ندیی نێوان مێدیای كلاسیك و مێدیای نوێدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش عه‌بدولحه‌مید زێباری، به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپەڕی كوردستان24 ته‌وه‌رێكی پێشكه‌ش كرد.

Fly Erbil Advertisment