لە ماوەی دوو ڕۆژدا پێنج کەس بە بەرکەوتنی هەورەبروسکە مردوون

شەپۆلی باران و هەورەتریشقە - گرافیک: کوردستان24
شەپۆلی باران و هەورەتریشقە - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

بەهۆی هەورەبروسکەوە لە هەولێر و پردێ دوو هاووڵاتی مردن کە یەکێکیان پێشمەرگەیە و لە کاتی ئەرکدا بووە لە میحوەری پردێ، بەمەش ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا، بە بەرکەوتنی هەورەبروسکە مردوون بووە پێنج کەس.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە (7ـی ئایاری 2024) دەرباز یوسف ئیبراهیم، پێشمەرگە لە فەوجی 1ـی لیوای 24ـی فرقەی دووی پیادە، کە دانیشتووی شاری سۆرانە، بەهۆی هەورەبروسکەوە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ، لە کاتی ئەرکی سەربازیدا گیانی سپارد.

هەروەها لە ئێواری هەمان ڕۆژدا، لە گەڕەکی قەڵاتی نوێی شاری هەولێر، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵان بەناوی هەریاد هەندرێن، بەهۆی لێدانی هەورەبروسکەوە مرد.

باوکی ئەو منداڵە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی هەریاد لەگەڵ برایەکی و هاوڕێیەکی لە ماڵی مامەیان گەڕاونەتەوە کە مەبەستی خوێندن و خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەی سبەی چوارشەممە پێکەوە بوون، لە ڕێگەدا هەورەبروسکە لێیان دەدات و لە ئەنجامدا هەریاد گیان دەسپێرێت و براکەی و هاوڕێکەشی بریندار دەبن.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) سەرچاوەیەک لە پزیشکی دادی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دوو هاووڵاتیی بە ڕەگەز عەرەب، لە کاتی کارکردن لە یەکێک لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە گوندی قورشاغلو کە دەکەوێتە نێوان شارەدێی دیبەگە و دەشتی هەولێر، هەورەبروسکە لێی دان و دەستبەجێ مردن، کە یەکێکیان تەمەنی 21 ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 28 ساڵە.

ئێوارەی هەمان ڕۆژیش لە ناحیەی تازەی پارێزگای کەرکووک، شوانێک بەناوی ڕامی تەها، تەمەن 31 ساڵان لە کاتی شوانداریدا، بەهۆی لێدانی هەورەبرووسکە گیانی لەدەست دا.

پێشتریش بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە (8ـی نیسانی 2024) پێشمەرگەیەکی فەوجی 2ـی لیوای 15ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ناوی عەبدولغەفوور کەوشو محەممەد، لە کاتی ئەرکی سەربازی، بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی هەورەبروسکەوە مردووە.

لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رگریی شارستانیی هه‌رێمی کوردستان، چەند ڕینماییەکی بۆ خۆپاراستن له‌ هه‌ورەبروسكه‌ بڵاوکردووەتەوە و داوای له‌ هاووڵاتییان کردووە، لە کاتی ڕەشەبا و باوباراندا به‌خێرایی به‌دوای په‌ناگه‌یه‌كدا بگه‌ڕێن، بەتایبەتی لەکاتی بیستنی گرمەی هه‌وره‌كان، هه‌ڵگرتنی چه‌ترێكی كانزایی یان شتێكی هاوشێوه‌ی، مه‌ترسییه‌كەی کەم دەکاتەوە.

به‌رگریی شارستانیی هه‌رێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە: باشترین په‌ناگه‌ باڵه‌خانه‌كانن كه‌ خاڵی كه‌ره‌وه‌ی دژه‌ بروسكه‌ (مانع الصواعق)ـەیان هه‌بێت، كە وه‌ك وایه‌رێك له‌ باڵه‌خانه‌كاندا ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌ زه‌وییه‌وه، هەروەها بەگشتیی نێو باڵه‌خانه‌كان له‌ شوێنه‌ كراوه‌كان پارێزراوترن و دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌ په‌ناگه‌ی پاس و كه‌پره‌كان، ئه‌گه‌ر په‌ناگەشت نه‌دۆزیه‌وه‌، له‌سه‌ر زه‌وی بەشێوەی دانیشتن یان خۆدرێژكردن بمێننەوە نەک بە ڕاوه‌ستاوی.

هاوکات به‌رگریی شارستانیی هه‌رێمی کوردستان داواشی کردووە، هاووڵاتییان لە کاتی هەورەبروسکەدا، له‌ شوێنه‌ كراوه‌كان به‌تاییه‌تی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و سه‌ر باڵه‌خانه‌كان و مه‌یدان و گۆڕەپانەکان و دووربکەونەوە لە تاوەر و شته‌ به‌رزه‌كان و داره‌ تەڕه‌كان.