ناتانیاهۆ: بە کۆنترۆڵکردنی دەروازەی ڕەفەح دوو ئامانجمان پێکاوە

حکوومەتی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ پێشنیازەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست ڕەتکردەوە

کۆبوونەوەی کابینەی بچووککراوەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ کاروباری جەنگ
کۆبوونەوەی کابینەی بچووککراوەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ کاروباری جەنگ

K24 - هەولێر

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کابینەی بچووککراوەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ کاروباری جەنگ ڕایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی دەروازەی سنووریی ڕەفەح دوو ئامانجی سەرەکی شەڕەکە دەپێکێت، یەکێکیان ڕزگارکردنی بارمتە و ڕفێندراوەکانی دەستی حەماسە، دووەمیشیان کۆتایی هێنان بە چەکدارانی حەماس.

نووسینگەی ڕاگەیدنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی کابینەی جەنگ بە کۆی دەنگ بڕیاری ڕەتکردنەوەی پێشنیاز و داواکارییەکانی بزووتنەوەی حەماس دراوە بۆ ئاگربەست، هەروەها ئاماژەیانداوە، داواکارییەکان زۆر لە ویست و خواست و داواکارییە پێویستەکانی ئیسرائیل دوورن.

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندنەکەی کابینەی جەنگ، بە کۆ دەنگی وەزیرانی کابینەکە ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل هەرگیز بە پێشنیازێک ڕازی نابن کە ئاسایشی هاووڵاتییان و داهاتووی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە.

لەلایەن خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: فەرمانم بەو شاندە کردووە کە سەردانی قاهیرەیان کردووە بۆ ئەوەی پێداگر و سووربن لەسەر مەرجی ئازادکردنی ڕفێندراوەکان و ئەو داواکارییانەی ئاسایش و سەقامگیری ئیسرائیل زامن دەکەن.

هەروەها کابینەکە کۆدەنگ بوون لە سەر ئەوەی چیتر ڕێگە بە بزووتنەوەی حەماس نادرێت هەژموون و دەسەڵاتی خراپی خۆی بە سەر کەرتی غەززە بسەپێنێت، ئەو دەرفەتەشی پێنادرێتەوە توانا سەربازییەکانی دووبارە رێک بخاتەوە و هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیل بدات.

ناتیاناهۆ ڕاشیگەیاندووە، لە شەڕی حەماس بەردەوام دەبین و کۆنترۆڵکردنی دەروازەی ڕەفەح هەنگاوێکی زۆر گرنگە، بە تایبەت بۆ لە ناوبردنی توانا سەربازییەکانی حەماس و لە ناوبردنی چوار لە کەتیبە چەکدارییەکانی کە لە ڕەفەح خۆیان مەڵاسداوە.

تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە دروازەی ڕەفەح سنووری کەرتی غەززە - میسر
تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە دروازەی ڕەفەح سنووری کەرتی غەززە - میسر

سوپای ئیسرائیل دوێنێ سێشەممە هێرشی کردە سەر دەوازەی سنووریی ڕەفەح کە کەرتی غەززە و میسر بە یەک دەگەیەنێت و بە تەواوی کۆنترۆڵی کرد و ئاڵای ئیسرائیل لە دەروازە سنوورییە بەرزکرایەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شاندی دانووستانکاری حەماس و ئیسرائیل لە قاهیرەن بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لە سەر ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕ بکەن و ناوەڕۆکی ئەو پێشنیازەی ئاگربەست ئاشکرا کراوە کە بزووتنەوەی حەماس ڕەزامەندی لە سەرداوە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام ئیسرائیل ڕەتیکردووەتەوە و بەمەش ئەگەر هەیە شەڕەکە بەردەوام بێت و سوپای ئیسرائیل بەم نزیکانە هێرشی ناو شاری ڕەفەح بکات بۆ ڕاوەدونانی چەکدارانی حەماس و دۆزینەوە و ڕزگارکردنی بارمتە ڕفێندراوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو.