گۆڤارێکی بەریتانی: سوپا عەرەبییەکان خەرجیان زۆرە بەڵام کاریگەرییان لە ناوچەکەدا نییە

"سوپا عەرەبییەکان خەرجیان زۆرە بەڵام کاریگەرییان لە ناوچەکەدا نییە"
"سوپا عەرەبییەکان خەرجیان زۆرە بەڵام کاریگەرییان لە ناوچەکەدا نییە"

K24 - هەولێر

گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا کە لەسەر خەرجی سوپای وڵاتانی عەرەبی و کاریگەرییەکانیان لە یەکلایی کردنەوەی هاوکێشە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بڵاوکردووەتەوە، بە سەردێڕێکی شەرمەزارکەر دەست پێ دەکات و دەڵێت، سوپا عەرەبییەکان، خەرجیان زۆرە، بەڵام کاریگەرییان لە جیهان و ناوچەکەدا نییە.

"سوپا عەرەبییەکان، خەرجییەکی زۆر و بێ کاریگەری و ناوبانگ".. ئەمە ناونیشانی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانییە، کە لەسەر سوپای وڵاتانی عەرەبی بڵاوکردووەتەوە و باس لە خەرجی و کاریگەرییەکانیان لە گۆڕانکاری و لێکدانەوەی هاوکێشە جیهانی و ناوچەییەکاندا دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیستدا هاتووە، خەرجی سەربازی تەنها شەش وڵاتی کەنداو لەمساڵدا، زیاتر لە 120 ملیار دۆلاربووە، کە ئەو شەش وڵاتەی کەنداویش پێکەوە دەتوانن، نزیکەی 950 هەزار سەربازی ئامادە و  4800 تانک و 1000 فڕۆکەی شەڕکەر کۆبکەنەوە، میسر و ئوردنیش ساڵانە بڕی 1 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەکو هاوکاریی سەربازی وەردەگرن، لەکاتێکدا خەرجی کۆی سوپای وڵاتانی ناتۆ لە 2023ـێدا 380 ملیار دۆلاربووە.

گۆڤارە بەریتانییەکە ئاماژە بەوەش دەدات، سعوودیە لە ریزبەندی سەرەوەی وڵاتانی عەرەبیدایە و خەرجی ساڵانەی وڵاتەکە بۆ کەری سەربازی 75 ملیار و 800 ملیۆن دۆلارە، کە خەرجییەکە لەمساڵدا بەرێژەی لە سەدا 4.3٪ بەرزبووەتەوە.

بەڵام گۆڤاری ئیکۆنۆمیست پێی وایە، بەشێکی زۆر لەم پارەیە کە بۆ سوپای عەرەبی خەرج دەکرێت، بەفیڕۆ دەچێت، لەبەر ئەوەی ئەو سوپا زەبەلاح و خەرجییە زۆرە نەیتوانیووە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە هاوکێشەکانی جیهان و ناوچەکەدا نەبووە.

لەلای خۆیەوە، دکتۆر ئەندریاس کرەیگ، مامۆستا لە بەشی توێژینەوەی ئەمنی لە کۆلێژی کینگسی بەریتانی دەڵێت، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی تەنها لەپێناو راکێشانی سۆز و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان، چەک و فڕۆکە لە وڵاتانی رۆژئاوا  دەکڕن.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، کۆی وڵاتانی عەرەبی ساڵانە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار لە بودجەی وڵاتەکانیان بۆ بەرگری تەرخان دەکەن، کە سعوودیە و قەتەر لە پلەی یەکەم و دووەمی ریزبەندییەکەدان و عێراقیش پلەی هەشتەمی ریزبەندییەکەی گرتووە.

Fly Erbil Advertisment