ئەنجوومەنی وەزیران پرسی مووچە و هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تاوتوێ دەکات

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 24-4-2024
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 24-4-2024

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی ئایاری 2024، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێ دەكات.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لەنێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجامی دواكۆبوونەوەی شاندی تەكنیكیی هەردوولا لە ڕێكەوتی 27 ی نیسانی 2024 لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تاووتوێكردنی بابەتی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت".

ئاماژەی بەوەش کراوە، بڕگەی سێیەم خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەبێت سەبارەت بە سەردانی شاندنی وەزارتەكەیان بۆ بەغدا، تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران و بەگەڕخستنی پرۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جوتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

Fly Erbil Advertisment