واشنتن بە هۆی نیگەرانییەکانی لە دۆخی ڕەفەح پێدانی دوو جۆرە مووشەکی بە ئیسرائیل ڕاگرت
K24 - هەولێر
بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ئەمەریکا لە هەفتەی ڕابردووەوە ناردنی بارێکی مووشەکی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووە، ئەمەش دوای ئەوە سوپای ئیسرائیل سوور بوو لە سەر هێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح و کۆنترۆڵکردنی دەروازەی سنووریی نێوان کەرتی غەززە و میسر.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، هەفتەیەکە گواستنەوەی بارێکی 1800 مووشەکی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووە کە کێشی هەریەکێک لەو مووشەکانە 907 کیلۆگرامە، لەگەڵ 1700 مووشەکی دیکە کە کێشی هەر یەکێکیان 226 کیلۆگرامە و لە نێویادا مووشەکی زیرەکی جۆری JDAMs هەیە.
بە گوتەی بەرپرسە ئەمەریکییەکە، ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان بە بڕیاری باڵای ئیدارەی جۆو بایدنەوە بووە و هۆکارەکەشی ئەو نیگەرانییەیە کە ئیسرائیل بڕیاریداوە هێرشی سەر شاری ڕەفەح بکات و ئەمەش نیگەرانیی لەلایەن ئیدارەی ئەمەریکا دروستکردووە، چونکە شاری ڕەفەح بەهۆی کۆبووەنەوەی ئاوارەیەکەی زۆری ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە تووشی چڕییەکی پێشبینی نەکراوی دانیشتوان بووەتەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەمەریکا نیگەرانیی و ترسی لەوە هەیە سوپای ئیسرائیل ئەو مووشەکانە لە هێرشەکانیدا لە ڕەفەح بەکار بێنێت و بەمەش کارەساتێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، هەربۆیە ئیدارەی بایدن پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی پێدانی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل دەکات.
سوپای ئیسرائیل دوێنێ سێشەممە کۆنترۆڵکردنی دەوازەی سنووریی ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە ڕاگەیاند کە کەرتەکە و میسر بەیەکەوە دەگەیەنێت و تاکە دەروازە بوو بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە بۆ خەڵکی لێقەوماوی غەززە.