تەندروستیی هەولێر: زیاتر لە سێ هەزار و 500 تووشبووی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان هەیە

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 3500 تووشبووی نەخۆشی تالاسیمیا هەیە، هەروەها مانگانە زیاتر لە 1100 بوتڵ خوێن دەدرێتە تووشبووان.
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 8ـی ئایار ڕۆژی نەخۆشانی تالاسیمیایە، بۆیە ڕۆژێکی بۆ تەرخانکراوە تاوەکو بایەخی زیاتر و تایبەتتر بەو نەخۆشییە بدرێت.
دلۆڤان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ کردنی پشکنینی پێش زەماوەند، بۆ ئەوەیە نەخاشانی تالاسیمیا کەم بکرێتەوە.
بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی هەولێر راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 3500 تووشبووی نەخۆشی تالاسیمیا هەن، گوتیشی، 1150 تووشبوو لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کراون و بەشێک لەو تووشبووانەش ئاوارە و پەنابەرەکانی نیشتەجێی سنووری پارێزگاکەن.
دلۆڤان محەممەد جەختی کردەوە، مانگانە زیاتر لە 1100 بوتڵ خوێن دەدرێتە ئەو تووشبوانەی کە لەسەنتەری تالاسیمیا لە هەولێر چارەسەر وەردەگرن، هەروەها سەنتەرەکە 36 قەرەوێڵەی هەیە، ئەوەش لەماوەی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن خێرخوازێکەوە دروست کراوە.
باسی لەوەشکرد، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکەی تایبەتی بە کەرتی تەندروستی داوە.