ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: حكوومه‌تی عێراق وه‌كوو پێویست هاوكاریی نه‌خۆشانی تالاسیمیا له هه‌رێمی كوردستان ناكات

K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای تالاسیمیای كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه خزمه‌ت به نه‌خۆشانی تالاسیمیا بكات و ده‌رگه‌ی بۆ هاوكاریكردنیان واڵا كردووه؛ ده‌شڵێت، له‌سه‌ر بڕیار و فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ژماره‌یه‌ك له نه‌خۆشان بۆ چارەکردن ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێن،
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 8ـی ئایاری 2024) ئیبراهیم ئه‌حمه‌د مسته‌فا، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای تالاسیمیای كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، له هه‌رێمی كوردستان سێ هه‌زار و 600 تووشبووی نه‌خۆشی تالاسیمیا هه‌یه كه هه‌زاریان له هه‌ولێرن.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ڕوونی كرده‌وه، مانگانه پێویستیان به هه‌زار و 200 بوتڵی خوێن هه‌یه بۆ نه‌خۆشانی تالاسیمیا. گوتیشی، حكوومه‌تی عێراق مانگانه له كاتی خۆیدا بڕی ده‌رمانی پێویست بۆ نه‌خۆشانی ئه‌و نه‌خۆشییه نانێرێت.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای تالاسیمیای كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تێچووی ده‌رمانی نه‌خۆشانی تالاسیمیا زۆر گرانه و به حكوومه‌ت نه‌بێت به خێرخوازییش دابین ناكرێت.
دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 8ـی ئایار ڕۆژی نەخۆشانی تالاسیمیایە، بۆیە ڕۆژێکی بۆ تەرخان کراوە تاوەکوو بایەخی زیاتر و تایبەتتر بەو نەخۆشییە بدرێت.
دلۆڤان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پشکنینی پێش زەماوەند، بۆ ئەوەیە نەخۆشانی تالاسیمیا کەم بکرێتەوە.
ڕۆژی 24ـی تشرینی دووه‌می 2023، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، له كاتێكدا حكوومه‌تی عێراق شایسته داراییه‌كانی بڕیوه، به‌ڵام سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڕیار ده‌دات به ناردنه‌ده‌ره‌ره‌وه‌ی 100 تووشبووی تالاسیمیا به‌مه‌به‌ستی چاندنی مووخ بۆیان. ڕوونیشی كرده‌وه، ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی دڵخۆشكه‌ره و خانه‌واده‌ی نه‌خۆشانی تالاسیمیا به بیستن و جێبه‌جێكردنی دڵخۆشن.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای تالاسیمیای كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، زیاتر له سێ هه‌زار و پێنج سه‌د تووشبووی تالاسیمیا له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و زۆربه‌یان خانه‌واده‌كانیان هه‌ژارن و چه‌ند ساڵێكه چاوه‌ڕوانی بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه بوون، كه بۆ ئه‌وان و بۆ هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كورددستان گرنگه.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د مسته‌فا له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، ڕێژه‌ی ئاسن له جه‌سته‌ی نه‌خۆشانی تالاسیمیا زیاد ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت نه‌خۆش ده‌رزی دیسڤراڵ به‌كار بهێنێت، كه پێشتر له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه دابین ده‌كرا، به‌ڵام ماوه‌ی شه‌ش مانگه دابینكردنی له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاگیراوه.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای تالاسیمیای كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا، حكوومه‌تی عێراق ته‌نانه‌ت كه‌رتی ته‌ندروستیش كه خزمه‌تگوزارییه‌كی مرۆیییه، به سیاسیی كردووه، به‌مه‌ش تووشبووانی تالاسیمیا له هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌ی ئاسن له جه‌سته‌یان زۆر زیادی كردووه و مه‌ترسی كه‌وتووه‌ته سه‌ر ته‌ندروستیان.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه (23ـی تشرینی دووه‌می 2023) فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی بڵاوی کرده‌وه، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی درا لەسەر چارەسەرکردن و چاندنی مۆخ بۆ 100 تووشبووی نەخۆشی تالاسیمیا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ڕاسپێردران بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بە مەبەستی چارەی نەخۆشەکان لە تورکیا و ئوردن.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە، 23ـی تەمموزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی سێ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبووانی تالاسیما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
له 19ـی ئایاری 2022ـدا به بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، بەمەبەستی چاندنی مۆخی ئێسک بۆ 100 تووشبووی تالاسیمیا لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان خەرج کرا.