ئه‌مڕۆ ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانییانی جەنگی دووەمی جیهانییە

سوپای ئەڵمانیای نازی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم
سوپای ئەڵمانیای نازی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم

K24 – هەولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژانی 8 و 9ـی ئایاری هەموو ساڵێکی وەکو ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانییانی جەنگی جیهانی دووەم دیاری کردووە، ئەو جەنگەی کە بەخوێناویترین جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت، کە بوو بە هۆی وێرانکارییەکی زۆر و کۆمەڵکوژی و گۆڕانی نەخشە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان.

لە ڕۆژی 1ـی ئەیلوولی ساڵی 1939، سوپای ئەڵمانیای نازی لەشکرکێشی بۆ سەر وڵاتی پۆڵەندا دەست پێ کرد و هەر دوو ڕۆژ دواتر و لە 3ـی ئەیلوولدا فەرەنسا و بەریتانیا جەنگیان دژ بە ئەڵمانیا ڕاگەیاند و ئەمەش بە یەکەم چەخماخەی جەنگی جیهانی دووەم بوو، لە ئەورووپاوە و لەئاسیاشەوە شەڕی ژاپۆن لەگەڵ چین و دواتریش ئەمەریکا و بەریتانیا، ئیدی جەنگەکە زۆرینەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە و  30 وڵات بە 100 ملیۆن سەربازەوە دژ بەیەکدی کەوتنە جەنگێکی خوێناوییەوە.

جەنگەکە وڵاتانی بەسەر دوو بەرەی هاوپەیمانان و وڵاتانی تەوەردا دابەش کرد، کە دیارترین وڵاتانی بەرەی هاوپەیمانانیش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، یەکێتیی سۆڤیەت و چین بوون، لە بەرامبەریشدا، هەریەکە لە ئەڵمانیای نازی، ئیتاڵیا و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن لە دیارترین وڵاتانی بەرەی تەوەر بوون.

لە جەنگەکەدا کۆمەڵێک ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت لەنێوان وڵاتانی دوو بەرەکەدا ڕوویاندا، دیارترینیان، شەڕی ستالینگراد بوو لە یەکێتیی سۆڤیەت. هەروەها شەڕی دوورگەی میدوەی و  هێرشی ژاپۆنییەکان بوو بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا لە پارل هاربەر، لەگەڵ شەڕی عەلەمین لە میسر لەنێوان هەردوو سوپای ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لەگەڵ سوپای بەریتانیا، ئۆپراسیۆنی بەرەی هاوپەیمانان لە کەناراوەکانی نۆرماندی فەرەنساش کە بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە ئاویی و وشاکاییەکانی مێژوو هەژمار دەکرێ، کە بە سەرەتای تێکشاندنی ئەڵمانیای نازی لە قەڵەم دەدرێت، دواهەمینیشیان دوو بۆمبە ئەتۆمییەکەی ئەمەریکا بوو بۆ سەر هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن، کە ئەوەش یەکەمین بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

هەر لەو جەنگەدا دەیان کۆمەڵکوژی و بە کۆیلەکردنی بەشێک لە گەلان ڕوویدا، دیارترینیان، جینۆسایدی هۆلۆکۆست، کە 6 ملیۆن جوو لەسەر دەستی سوپای ئەڵمانیای نازی کۆمەڵکوژکران، لەگەڵ کەمپە کوشندەکانی گۆلاکی سۆڤییەتی و کەمپی دیلەکانی ژاپۆن بوون.

زیانەکانی جەنگی جیهانی دووەم ئێجگار زۆرن، بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 78 ملیۆن کەس کوژراون، کە 20 ملیۆنیان سەرباز بوون و زیاتر لە 40 ملیۆنیش خەڵکی سڤیل بوون، بەهۆی وێرانکارییەکان و بڵاوبوونەوەی دەیان جۆر نەخۆشی و پەتای جیاوازیشەوە، نزیکەی 18 ملیۆن کەسی دیکە بوونە قوربانی دەرئەنجامی جەنگەکە، توێژینەوەکانیش کۆی زیانە ماددییەکانی وڵاتانی بەشدار لە جەنگەکە بە 4 ترلیۆن و 700 ملیار دۆلار دەخەمڵێنن.

لە ڕۆژی 2ـی ئەیلوولی ساڵی 1945، دوای ئەوەی ئەمەریکا هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی بە بۆمبی ئەتۆمی بۆردومان کرد، بە فەرمی ئیمپراتۆری ژاپۆن خۆبەدەستەوەدانی ڕاگەیاند و ئەمەش بوو بە کۆتا سیناریۆ و جەنگی خوێناوی 6 ساڵەی جیهان کۆتایی هات.

Fly Erbil Advertisment