د. فەیسەل سادق: شوێنەوارەکانی کوردستان کەرتی گەشتوگوزار دەبووژێنێتەوە

K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، دۆزینەوەی ئەو شوێنەوارانەی شانەدەر دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتووگوزار لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئایاری 2024، د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دۆزینەوەی کەلە سەرەی مرۆڤی نیاردەتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر، ئەگەر بۆ خەڵکی یەکجار شانازی بێت، بۆ دەڤەری سۆران دووجار شانازییە. چونکە دەکەێتەوە ناوچەی ئیدارەی سۆران.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "دۆزینەوەی ئەم کەلەسەرەی مرۆڤی نیاردەتاڵ، کاریگەری دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار، چونکە شوێنەوار یەکێکە لە فۆڕمە گرنگەکانی بواری گەشتیاری لەسەر ئاستی جیهان. کەرتی گەشتوگوزاریش کاریگەری هەبووە، لەسەر بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و کۆمەڵایەتی، کەواتە شوێنەوار بەشێک بووە لەو بووژاندنەوەیەی ئەو وڵاتەی تێیدا دەدۆزرێتەوە".
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "هەندێک لە وڵاتان لە ڕووی ئابوورییەوە پشتیان بەستووە بە شوێنەوارەکان، بۆ نموونە میسڕ، ناوچە شوێنەوارییەکانیان بووەتە یەکێک لە هەرە فاکتەرە گرنگەکانی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و ئابووری، هەرێمی کوردستانیش دۆزینەوەی شوێنەواری لەو چەشنە کاریگەری دەبێت لەسەر گەشتیار. بابەتی گەشتیاری بۆ یەکەم بوون زۆر گرنگە، کوردستانیش لە دۆزینەوەی شوێنەواری لەو چەشنەی کەلە سەرە، یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە دۆزینەوەی ئەو کەلە سەرە کۆنترین شوێنەوارە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، بۆیە "ئێمە پێمانوایە دەرفەتێکی گەورە و دەرگایەکی گەورە لەبەردەم کەرتی گەشتیاری بەڕووی هەرێمـی کوردستاندا دەکاتەوە".