بەریتانیا داوا لە ئەندامانی ناتۆ دەکات خەرجی سەربازیی زیاد بکەن

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەیڤید کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، داوای لە ئەندامانی ناتۆ کرد 2.5%ی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی خۆیان بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگە جیاوازەکان ببنەوە کە لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن.
کامیرۆن لە وتارەکەی دا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بڵاوکرایەوە، داوای لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی دەکات کە شوێن نموونەی وڵاتەکەی بکەون و خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن.
مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو، ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە 2.3% بۆ 2.5% زیاد کرد و تا ساڵی 2030یش بەردەوام دەبێت، لە وتارەکەیدا، کامیرۆن دەڵێت: "ئێمە لە شەڕی ئیرادەداین، ئێمە و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەبێت بیسەلمێنین کە نەیارەکانمان هەڵەن."
هەروەها دەڵێت لە لووتکەی داهاتووی ناتۆ کە بڕیارە مانگی تەمموزی داهاتوو لە واشنتن بەڕێوەبچێت، "دەبێت هەموو هاوپەیمانان لەسەر ڕێڕەوی خۆیان بن بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیان کە لە ساڵی 2014 کە %2ـی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان بۆ بەرگری خەرج دەکەن."
وەزیرەکەی بەریتانیا لە وتارەکەیدا جەخت لەسەر گرنگی هاریکاری و داهێنان دەکاتەوە.