زیا پەترۆس: سەرۆک بارزانی بەردەوام داکۆکیی لە مافی پێکهاتەکان کردووە

K24 – هەولێر:
کەسایەتییەکی سیاسیی کلدانی دەڵێت: کاری جددی بۆ گەڕانەوەی کورسیی کۆتا دەکرێت و ئەگەر پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نەبن، ئەوا پەرلەمانەکە کەموکوڕیی تێدا دەبێت.
زیا پەترۆس، کەسایەتیی سیاسیی کلدانی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، بەڵام چەند مانگێک دوا دەخرێت، بۆ ئەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بتوانن بەشداربن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقێش رێکاری نوێ دەربکات.
ئەو کەسایەتییە سیاسییە کلدانییە ڕاشیگەیاند، کاری جیددی بۆ گەڕانەوەی کورسیی کۆتا دەکرێت، بەڵام ئەمجارە کورسیی کۆتا وەک پێشوو نابێت، بەڵکو بە شێوازێکی دیکە دەبێت و گۆڕانی تێیدا دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داکۆکییان لە مافی پێکهاتەکان کردووە و گوتوویانە: "دەبێت پێکهاتەکان نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن لە پەرلەمانی کوردستان و نابێت پەرلەمان بەبێ پێکهاتەکان بێت".
زیا پەترۆس، دەڵێت: ئەگەر پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نەبن، ئەوا پەرلەمانەکە کەموکوڕیی تێدا دەبێت و بۆیە پێویستە چارەی پرسەکەیان بکرێت و مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، (21ـی شوباتی 2024) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوون، کۆبووەوە.
لە دانیشتنەکەدا دادگای فیدراڵی دژی کورسیی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا، هاوکات ژمارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمان هەڵوەشێنداریەوە و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە 111ـەوە کەم کرایەوە بۆ 100 کورسی.
لای خۆیانەوە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە کورسیی کۆتاکان دەربڕی و بڕیارەکە ڕەتدەکەنەوە. هاوکات بڕیارەکەی دادگا بە سیاسی دەزانن و جەختیش لە گەڕانەوەی مافەکانیان دەکەنەوە.