ڕووسیا 32 هاووڵاتی خۆی له كهمپی هۆل دهكشێنێتهوه
K24- هەولێر:
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژه بهوه دهكات ڕووسیا زیاتر له 30 هاووڵاتی خۆی له كهمپی هۆل له سووریا گهڕاندووهتهوه وڵاتهكهی.
ئهمڕۆ (ههینی 10ـی ئایاری 2024) قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق له تۆڕی (ئێكس) ڕایگهیاند، ڕووسیا 32 هاووڵاتی خۆی لە کەمپی هۆل لە سوریا گهڕاندووهتهوه وڵاتهكهی، بهمهیش ڕووسیا دهبێته یهكێك لهو 24 وڵاتهی کە دەستیان بە گهڕاندنهوه و کشانەوەی هاووڵاتییەکانیان کردووه.
ئهعرهجی ئاماژهی بهوهیش كردووه، هاووڵاتییانی 60 وڵات لە کەمپی هۆلدا نیشتهجێن و دوای ههوڵهكانی عێراقیش تا ئێسته 24 وڵات هاووڵاتییهكانیان له كهمپهكه كشاندووهتهوه.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕوونیشی كردووهتهوه، ڕووسیا 12 كچ و 20 كوڕ كه تهمهنیان له نێوان 5 بۆ 17 ساڵییه له كهمپهكه كشاندووهتهوه.
به پێی زانیارییهكان ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکە بۆ خوار 43 هەزار کەس كهمی كردووه، کە زیاتر لە نیوەیان عێراقیین.
ڕۆژی (پێنجشەممە 9ـی ئایاری 2024) پات ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن پەیامنێری کوردستان24 گوتی: "ئامانجی سەرەكیی ئێمە ئەوەیە ئەو چەكدارە بیانیانەی داعش لە كەمپی هۆلن، بیانگەڕێنینەوە وڵاتەكانیان بۆئەوەی بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتانە مامەڵیان لەگەڵدا بكرێت".
گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەدا، بەدڵنیاییەوە نامانەوێت شوێنێك هەبێت تیرۆریستی لێ بێت و ببێتەوە شوێنێك كە وەك بۆمبێك بێت و لەهەركاتێكدا مەترسی تەقینەوەی هەبێت و لەم چوارچێوەیەش فەرماندەی ناوەندی و وەزارەتی دەرەوە زۆر لە نزیكەوە لەگەڵ هاوبەشەكانمان كاردەكەن لە ناوچەكە و جیهان بۆئەوەی ئەو پرسە چارە بكەن.
کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباریی تەناهیی کەمپەکەن.
جگە لە کەمپی هۆل، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکە بەڕێوەدەبن کە نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعشی تێدایە. لە شوباتی ساڵی 2022، چەکدارانی داعش هەوڵیان دا زیندانەکە بشکێنن و گیراوانی ئازاد بکەن. لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کە نزیکەی 10 ڕۆژی خایاند، نزیکەی 500 چەکداری داعش کوژران کە بەشێکیان گیراوانی نێو زیندانەکە بوون.
ڕاگیراوانی کەمپەکە و زیندانانی غوەیران هاووڵاتیی 20 وڵاتی جیاوازن، کە لە نێویاندا ئەورووپایی، چینی و تورک هەن. بەشێک لە وڵاتان ڕەتییان کردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییانەوە وەربگرنەوە کە پێشتر چوونەتە ڕیزەکانی داعش بە پاساوی ئەوەی کە بیری توندڕەوەی هێشتا بەسەریاندا زاڵە.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشداریان داوە لەو مەترسیانەی لە کەمپەکانەوە سەرهەڵدەدەن بەو پێیەی منداڵانی دانیشتووی نێو کەمپەکە لەلایەن دایکیانەوە فێری توندڕەوی دەکرێن.