مه‌غریب.. كه‌سێك دوای كفنكردن و ئاماده‌كردنی بۆ به‌خاكسپاردنی، له‌ داره‌بازه‌كه‌یدا ده‌جووڵێت

K24- هەولێر:

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ڕاپۆرتە میدیاییەکان لە مەغریب ڕووماڵی ڕووداوێکی سەیر و ناوازەیان کرد، دوای ئەوەی کەسێک ده‌بردرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و ده‌مرێت، كه‌سوكاره‌كه‌ی ڕێكاره‌كانی به‌خاكسپاردنی بۆ ده‌كه‌ن و ئاماده‌كاری بۆ دانانی پرسه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ پڕ له‌ داره‌بازه‌كه‌یدا ده‌جووڵێت.

مێدیاكانی مه‌غریب بڵاویان كرده‌وه‌، خێزانێکی خەڵکی شاری سێتات، یەکێک لە ئەندامەکانیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دار به‌یزا، دوای ئەوەی ته‌ندروستی به‌ خراپی تێك چووه‌ و دوای زنجیرەیەک پشکنین و وه‌رگرتنی چارەسەری، به‌ڵام سه‌ریان سووڕماوه‌ كاتێك ته‌رمه‌كه‌یان پێداونه‌وه‌.

مێدیاكانی مه‌غریب سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، خانه‌واده‌ی ئه‌و كه‌سه‌ ڕێكاره‌كانی به‌خاكسپاردنی ته‌رمه‌كه‌یان گرتووه‌ته‌ به‌ر و ئاماده‌كارییان بۆ دانانی پرسه‌كه‌ی كردووه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش له‌ نزیك ماڵه‌كه‌یاندا له‌ شاری سێتات خێمه‌یان هه‌ڵداوه‌.

به‌ پێی مێدیاكانی مه‌غریب خانه‌واده‌ی كه‌سه‌ مردووه‌كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی كه‌سێكی نزیكیاندا بوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فریای به‌ڕێوه‌چوونی به‌خاكسپاردنی بكه‌وێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی دوور بووه‌ و دره‌نگی پێ چووه‌.

ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمانی بووه‌، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ چاوه‌ڕوانی، ته‌رمه‌كه‌ له‌ناو داره‌بازه‌كه‌دا جووڵاوه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری بوونه‌ به‌ په‌له‌ و جارێكی دیكه‌ گه‌یاندوویه‌تییانه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ و ئێسته‌ له‌ به‌شی بووژانه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌دا چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرێت.

Fly Erbil Advertisment