کوردستان24 بەدواداچوون بۆ بڵاوبوونەوەی ئایدز لە پارێزگای بابل دەکات

K24 – بابل:
کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لە پارێزگای بابلی عێراق کردووە و دەرکەوتووە زیاتر لە 163 کەس لەو پارێزگایە تووشی نەخۆشی ئایدز بوونە، بەجۆرێک تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 27 حاڵەتی نوێ لەو پارێزگایە تۆمارکراوە.
هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە دەڵێن، ئەگەر ڕێکاری پێویست نەگیرێتە بەر ئەوا نەخۆشییەکە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراقیش دەڵێت؛ لەسەرجهم پارێزگاکانی عیراق، دوو هەزار و 300 کەس هەڵگری نەخۆشی ئایدزن.
نەخۆشی ئایدز لە پارێزگای بابلی هەژارنشین بەشێوەیەکی خێرا بڵاوبووتەوە، بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە نەخۆشخانەی "ئیمام سادق" لە حیللە، بەشی تایبەت بۆ چارەسەری تووشبوانی ئایدز کراوەتەوە.
کوردستان24 چووەتە پارێزگاکە و یەکێک لەو کەسانەی تووشی نەخۆشی ئایدز بووە و لەقۆناغی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیدایە دەبینێت، بەڵام ئەو تووشبووە بەهۆی کاردانەوەی خراپی کۆمەڵگە لەسەری نایەوێت قسە بکات.
لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 27 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ئایدز لە بابل تۆمارکراوە و بەمەش ژمارەی تووشبوان گەشتووەتە 163 حاڵەت، بڵاوبوونەوەی خێرای ئایدز لەم پارێزگایە بووە بە قسەی سەرزاری خەڵک، ترسی خەڵکەکە لەوەیە، نەتواندرێت ڕێگە لە تەشەنەسەندی نەخۆشییەکە بگیرێت.
هاووڵاتییەکی شارەکە بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەم هەواڵەمان بیستووە، دەڵێن لە قەزای محاویل بڵاوبووەتەوە، بەڵام لە حیللە هیچمان نەبیستووە، لەبەرئەوەی کەرتی تەندروستیمان وێرانە، ئەم نەخۆشیانە زوو بڵاودەبنەوە و هیچ چاودێرییەکیش لێرە نییە و کەس کارناکات، جگە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان".
هاووڵاتییەکی دیکەش ئاماژەی بەوەکرد: "لە هەموو عێراق بارودۆخی تەندروستی وێرانە و دەبێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە ملیۆنان دینار چارەسەر وەربگری، بڕۆ بۆ کەربەلا نەشتەرگەرییەک بکە، حەوت ملیۆن دیناری تێدەچێت".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، دوو هەزار و 300 حاڵەتی تووشبوون بە ئایدز لە سەرانسەری عێراق تۆمارکراوە، لە نەخۆشخانەکان شوێنی تایبەت بۆ تووشبوان دابینکراوە و ڕۆژانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن، بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای بابل و زیقار کە زۆرترین حاڵەتی تووشبووانی ئایدزی تێدا تۆمارکراوە".
یوسف سەیف، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ کوردستان24 ڕوونیکردەوە: "کۆی گشتیی تووشبوانی ئایدز لە عێراق، دوو هەزار و 300 کەسە، ئەمەش بەراورد بە وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دراوسێی عێراق، ژمارەیەکی کەمە، ئەم ژمارەیە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات، بۆیە لە بابل و هەموو پارێزگاکانی دیکەی عیراق تووشبوومان هەیە".
هاوکات فەرمانگەی تەندروستیی بابل، بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندی زیاتری نەخۆشیەکە هەڵمەتێکی گەران و پشکنینی بۆ ئارایشتگە و شوێنەکانی جوانکاری خانمان دەستپێکردووە و ژمارەیەک شوێن داخراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نهخۆشییه كوشندهكان لە دوای ساڵی 2003ـەوە له عێراق زیاتربوون، لەوانەش ئایدز، تای خوێنبهربوون، شێرپهنجه، لهدایكبوونی منداڵی نەبەکام، سیل، نهخۆشییهكانی پێست، كۆلێرا و تهشهنهكردنی نهخۆشییهكانی ئاژهڵ.
لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆكاری تهشهنهكردنی نهخۆشییهكان لە عێراق بۆ پاشماوهكانی جهنگ، پیسبوونی ژینگه، وشكهساڵی و گهندهڵی له كهرتی تهندروستی دەگەڕێننەوە. هەرچەندە شارەزایانی بواری پزیشکی %40ـی تووشبوون بە نهخۆشییهكان بۆ هۆكاری پاشماوهكانی جەنگ دهگهڕێننهوه.