ئەندامییەتیی هەمیشەیی فەڵەستین لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەند کرا
K24 – هەولێر:
بە زۆرینەی دەنگی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان، فەڵەستین بووە ئەندامی هەمیشەیی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئیسرائیلیش لە دژی بڕیارەکە، ئیدانەی ئەو هەنگاوەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات.
ڕۆژی هەینی (10ـی ئایاری 2024) کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ داواکاری فەڵەستینی بۆ بە ئەندامبوونی هەمیشەیی لە نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەند کرد.
بەپێی دەنگدانەکەش، 143 وڵاتی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی لە بە ئەندامبوونی هەمیشەیی فەڵەستین لە ڕێکخراوەکە دەکەن.
پڕۆژە بڕیاری ئەندامێتی هەمیشەیی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەلایەن 143 وڵاتی ئەندام پشتیوانی لێ کرا و نۆ وڵات دژایەتیان کرد و 25 وڵاتی دیکەش بەشداریان لە دەنگدانەکە نەکرد.
هەروەها کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد پێداچوونەوە بە بڕیاری ڕەتکردنەوەی ئەندامبوونی فەڵەستین بکات، کە بەهۆی ڤیتۆی ئەمەریکا ئەندامبوونی پەسەند نەکرا.
دوای بڕیارەکەش، جەلعاد ئاردان، نوێنەرى ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە وتارێکدا، ڕەخنەی توندی لەو هەنگاوە گرت و لە بەردەوام ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەدا چەند لاپەڕەیەکی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەدڕێنێت.