پۆلیسی هەرێم: قەدەغە کردنی چەکی بێ مۆڵەت لە کوردستان کێشەی خەڵکی کەمتر کردووەتەوە

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، کێشەکانی خەڵکی کەمتر کردووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی ئایاری 2024، موقەدەم کارزان ئەمیر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەتی دا، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی چەکیان لایە، بچن چەکەکانی خۆیان تۆمار بکەن. لەهەمانکاتدا، بڕیاردرا ئەو شوێنانەی کە چەکی نایاسایی دەفرۆشن، بەتەواوی دابخرێن.
بە گوتەی ئەو بەڕیوەبەرە، "نەبوونی چەک لای هاووڵاتییان بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی زیاتر پەنا بباتەبەر ئامێری دیکە، یاخود سکاڵا تۆمارکردن."
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "نەبوونی چەک وای کردووە هاووڵاتییان پەنا نەبەنە بەر هیچ جۆرە چەکێک، تەنیا سکاڵا و حکوومەت نەبێت، ئەمەش کێشەکانی کەمتر کردووەتەوە و زیانیشی کەمتر لێ دەکەوێتەوە. دوای تەواو بوونی وادەی تۆمارکردنی چەک، تەواوی ساڵەکە ڕێژەکانی کوشتن و تەقەکردن و هەڕەشە کردن بە چەک، بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەموو هەرێمی کوردستان کەمی کردووەتەوە."
ڕاشیگەیاند، "ئەم بەرەنجامە دەیسەلمێنێت کە ئەوە بڕیارێکی دروست بوو بۆ کەمبوونەوەی کێشەکان، هاووڵاتییانیش پابەندی فەرمانەکانی حکوومەت بوونە."
ڕۆژی یەکشەممە 30-07-2023، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.