تاکوو ئێستە 143 ڕۆژنامەنووس لە کەرتی غەززە کوژراون
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ شەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە دەستپێکی شەڕی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە کوژراون گەیشتووەتە 143 ڕۆژنامەنووس.
نووسینگەکە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ شەممە، "بەها عەکاشە، وێنەگری تۆڕی ئەقسا، لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکانی لەماڵەکەی خۆیدا لە کەمپێکی جیبالیە لە باکووری کەرتی غەززە، کەوتە بەر بۆمبارانی هێزەکانی ئیسرائیل و هەموویان کوژران".
گوتیشی: ژمارەی ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان لە کەرتی غەززە، گەیشتە 143 ڕۆژنامەنووس.
بەگوێرەی بەیاننامەی پێشووتر کە لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان بڵاوکرایەوە، ژمارەی ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان 142 کەس بوون.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "زۆر نیگەرانن لە ڕاپۆرتەکانی دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە نەخۆشخانەکانی ناسر و شیفا لە غەززە و دەوروبەری، کە سەدان تەرمیان تێدا دۆزراوەتەوە، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ و بەساڵاچووان بوونە، بەو هۆیەوە داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و خێرا لەو کۆمەڵکوژیانە دەکەین.
