شارل میشێل: داواكاری ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی ڕه‌فه‌ح له‌ هاووڵاتییان، قبووڵكراو نییه‌

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ورووپی داواكاری ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی ڕه‌فه‌ح له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ هاووڵاتییان به‌ داواكارییه‌كی قبووڵنه‌كراو ناو ده‌بات.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 11ـی ئایاری 2024) شارل میشێل، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌ورووپی له‌ تۆڕی "ئێكس" بڵاوی كرده‌وه‌، داواكاری ئیسرائیل بۆ چۆڵكردنی ڕه‌فه‌ح له‌ هاووڵاتییان قبووڵكراو نییه‌.

شارل میشێل هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "داوا له‌ حكوومه‌تی ئیسرائیل ده‌كه‌ین ڕێز له‌ یاسای مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی بگرێت و هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر شاری ڕه‌فه‌ح له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌."

ئەمڕۆ شەممە،  ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی "ئۆنروا" ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەوە تاوەکوو ئێسته‌، نزیکەی 150 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ڕەفەح هەڵاتوون.

 لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، نزیکەی 300 هەزار کەس لە ڕەفەحەوە بەرەو ناوچەی مرۆیی ئەلمەواسی ڕۆیشتوون.

هەر ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتووانی شاری ڕەفەح کرد شارەکە چۆڵ بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیەتی بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی، ئاماژەی بەوەش کرد، دەچێتە ناوچەیەک لە باکووری غەززە کە حەماس ڕیزەکانی خۆی ڕێک خستۆتەوە.

 نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی دیکە ماوەی چەند هەفتەیەکە هۆشداری دەدەن لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر لە نزیک خاڵە سەرەکییەکانی چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکان، هاوکارییە مرۆییەکان پەکدەخات و دەبێتە هۆی ڕوودانی کارەساتی مرۆیی.

 زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار فەڵەستینی کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی غەززەن، پەنایان بۆ شاری ڕەفەح بردووە.