کامەران محەممەد: سبەی شوشتنی بازاڕی قەیسەری دەست پێ دەکات

کامەران محەممەد، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر
کامەران محەممەد، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر

K24 – هەولێر:

پرۆسەی شوشتنی بازاڕی قەیسەری هەولێر سبەی دەست پێ دەکات، ژووری بازرگانی هەولێر لەسەر ئەرکی خۆی پرۆسەکە دەکات و لە ڕێگەی کۆمپانیایەک بە کەرەستەی پێویست بە شوشتن بە ئامانجی هێشتنەوەی هەموو ئەو شوێنە فەرهەنگی و مێژوویانە کە بە شێوەیەکی گشتیی پێویستیان بە شوشتنێکی زانستی هەیە.

کامەران محەممەد، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە وەکو ژووری بازرگانی راسپێدراین بە خاوێنکردنەوەی پاشماوەی ئاگری بازاڕی قەیسەریی هەولێر، سبەی پرۆسەی شوشتەنەکە دەست پێ دەکات و لە رێگەی کۆمپانیایەک دەکرێت.

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە دا، ئەو تیمەی سبەی کە دێن بازاڕی قەیسەری خاوێن بکەنەوە لە ژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کارەکەی خۆیان دەکەن، هەوڵ دەدەین بە زووترین کات کاری تیمەکە تەواو بێت بۆ ئەوەی دوکاندار و کاسبکاران بە زووی دەست بکەنەوە بە کاری خۆیان.

شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بەسەرکردەوە و لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێغیى ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.

Fly Erbil Advertisment