سەرۆکی چیک: دەبێت یەکێتیی ئەوروپا وەڵامی ڕووسیا بداتەوە

K24 - هەولێر
پیتەر پاڤێل، سەرۆکی چیک ڕایگەیاند، دەبێت ئەورووپا بە هەمان شێوە وەڵامی هەڵسوکەوتەکانی ڕووسیا بداتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێویستە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا وەک بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە سەیر بکرێت.
پاڤێل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی Di press ڕایگەیاند، کاتێک ڕووسیا بە شێوەیەکی بنیاتنەر مامەڵە دەکات، دەبێت ئەورووپاش هەمان شت بکات و ئەگەر ڕووسیا دژی بەرژەوەندییەکانی ئێمە مامەڵە بکات، دەبێت بەرەنگاری ببینەوە، چونکە ژیان و بەهاکانمان لە ژێر هەڕەشەدا دەبن.
ئەو سەرۆکە ڕاشیگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا، مەرج نییە سەربازیی بێت، دەتوانین بەجۆرێک بێت، ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕووسیا بە ڕژدی وەربگیرێن، چونکە ئاماژەن بۆ خواستی "گەڕاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی یەکێتیی سۆڤیەت"، دەبێت خۆمان بۆ ئەو ڕاستییە ئامادە بکەین کە ڕووسیا هاوبەشێکی ئاشتی نابێت و نییە".
پاڤێل لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لە داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، گوتی: "ئەورووپا دەبێت ئامادەبێت بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی زیاتر لە بواری ئاسایشی خۆیدا هەڵبگرێت".