داوا لە سەرکردەکانی ئەورووپا دەکرێت چەک بە ئیسرائیل نەفرۆشن

K24 - هەولێر

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە سەرکردەکانی ئەورووپا دەکات چەک بە ئیسرائیل نەفرۆشن.

لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ خۆسیە مانوێل ئەلبارێس وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتوی ئەورووپا داوای کرد، بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی سڤیل لە غەززە، چیتر سەرکردە ئەوروپییەکان چەک بە تەلئەڤیڤ نەفرۆشن.

بۆرێل ئاماژەی بەوەشدا، ناکۆکیی لەنێوان سەرکردە ئەوروپییەکان سەبارەت بە غەززە دروست بووە.

سەبارەت بە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا دانییان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، گومانی تێدا نییە ژمارەیەکی زیاترە هەنگاو هاوشێوە دەگرنەبەر.

ڕۆژی هه‌ینی 10ـی ئایاری 2024، لە لایەن 193 وڵاتی ئەندام لە كۆمه‌‌ڵه‌ی گشتی، بە ڕاپرسییەکی جیهانی سەبارەت بە پشتیوانییە فەڵەستینییەکان کۆبوونەوە.

هەرچەندە كۆمه‌ڵه‌ی گشتی بە تەنیا ناتوانێت ئەندامێتیی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات، بەڵام ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی ڕۆژی هەینی ده‌خرێته‌ دەنگدانەوە، لە مانگی ئەیلوولی ئه‌م ساڵه‌وه‌ هەندێک ماف و ئیمتیازاتی زیادە بە فەڵەستینییەکان ده‌دات، له‌وانه‌ پێدانی کورسییەک لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هۆڵی کۆبوونەوە، بەڵام بەبێ ئه‌وه‌ی مافی دەنگدان تێیدا هه‌بێت.